رووداو دیجیتاڵ
سعودیە، بەحرێن و قەتەر هاوسۆزیی خۆیان بۆ ئیمارات دەربڕی و بە تووندی سەرکۆنەی هێرشێکیان کرد کە کرایە سەر دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوت لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا.
کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەبوزەبی (ئادنۆک) بەیانیی رۆژی هەینی، 14ـی ئابی 2026، بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو دوو کەشتی لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەکەدا رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
کۆمپانیاکە گوتی، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هەرچەندە ئێران بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام واشنتن و هاوپەیمانەکانی، تاران بە بەرپرسیاری هێرشی هاوشێوە دەزانن کە لە رابردوودا روویداوە، لەوانەش ئەو هێرشەی رۆژی شەممە کرایە سەر کەشتییەکی دیکەی هەمان کۆمپانیا.
ئیمارات: ئەمە چەتەگەریی سوپای پاسدارانە
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، ئەم هێرشە پێشێلکردنی بڕیاری ژمارە 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە گەرەنتیی ئازادیی دەریاوانی دەکات.
لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە: "بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان و بەکارهێنانی تەنگەی هورمز وەک ئامرازێک بۆ گوشاری ئابووری یان هەڕەشە، بە کردەیەکی چەتەگەریی دەریایی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دادەنرێت."
ئیمارات گوتی، دەبێت ئێران ئەم هێرشە دوژمنکارییانە رابگرێت و بە تەواوی پابەند بێت بە کردنەوەی تەنگەکە بە شێوەیەکی بێ مەرج، تاوەکو ئاسایشی ئابووری و بازرگانیی جیهانی پارێزراو بێت.
هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و رایگەیاند، ئێران بەرپرسیارە لە هەموو "لێکەوتەکانی" ئەم رەفتارانە.
ریاز ئەم هێرشانەی بە "تەشەنەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر دابینکردنی وزەی جیهانی" ناوبرد.
سعودیە دەڵێت، بە تەواوی لە پشت ئیمارات دەوەستێت و پاڵپشتی لە هەموو ئەو رێکارانە دەکات کە ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی سەروەری و سامانەکانی دەیگرێتە بەر.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن هێرشەکەی بە پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد و پشتیوانیی تەواوی مەنامەی بۆ هەنگاوەکانی ئیمارات راگەیاند.
قەتەریش رایگەیاند، ئەم هێرشە "پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئازادیی کەشتیوانییە"؛ هەروەها جەختی کردەوە کە ئەمە پێشێلکردنی روونی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
قەتەر بەکارهێنانی ئەم جۆرە هێرشانەی وەک "ئامرازی گوشار" رەتکردەوە و هاوسۆزیی خۆی بۆ پاراستنی دارایی و سەرمایەکانی ئیمارات دەربڕی.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، تەنگەی هورمز بووەتە چەقی ململانێیەکی تووندی سەربازی و ئابووری لەنێوان تاران و واشنتن، کە مەترسیی گەورەی بۆ سەر بازاڕی نەوت و سەقامگیریی ناوچەکە دروستکردووە.


