رووداو دیجیتاڵ
حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، بە درۆن دامەزراوەیەکی نەوتی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودیەیان کردووەتە ئامانج. ئەمەش لە کاتێکدایە، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە گەڕانەوەی جەنگی سەرتاسەری بۆ یەمەن دەدات.
رۆژی هەینی، 14ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی (سەبا)ـی سەر بە حوسییەکان لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی ئارامکۆ لە ناوچەی نەجران لە باشووری رۆژئاوای سعوودیە. سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە "ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجەکەی خۆی پێکاوە."
تاوەکو ئێستا ریاز بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم هێرشە نەداوە.
زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر "ئارامکۆ"
ئەمە دووەم هێرشی درۆنییە لە 24 کاژێردا بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە. رۆژی پێنجشەممەش حوسییەکان بەرپرسیارێتیی هێرشێکی "وردپێکیان" بۆ سەر پاڵاوگەی ئارامکۆ لە ناوچەی جیزان لە باشووری سعوودیە گرتە ئەستۆ، کە تێیدا دوو درۆن بەکارهێندرابوون.
حوسییەکان دەڵێن، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکە بۆ "بەزاندنی سەروەریی ئاسمانیی یەمەن و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکە لە پارێزگاکانی سەعدە و حەجە" لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیەوە.
حوسییەکان هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە بە تووندی وەڵامی هەر جۆرە "دەستدرێژی"ـیەک بۆ سەر خاکی یەمەن دەدەنەوە.
ململانێ و گەمارۆی دەریایی
یەمەن لە ساڵی 2014ـەوە، واتە کاتێک حوسییەکان سەنعای پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد، لە دۆخێکی یەکجار خراپدایە. ئاگربەستەکەی ساڵی 2022 کە بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتە ئاراوە، لە مانگی رابردوودا و بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە تەواوی بەرەو هەرەسهێنان چوو.
حوسییەکان لە 20ـی تەممووزی رابردوودا گەمارۆیەکی دەریاییان بەسەر کەشتییەکانی سعوودیەدا لە دەریای سووردا سەپاند، ئەوەش وەک تەواوکەرێک بۆ گەمارۆی ئێران لە تەنگەی هورمز.
هۆشداریی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ مەترسیی برسیێتی
هانس گرۆندبێرگ، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن، رۆژی پێنجشەممە هۆشداری دا کە وڵاتەکە رووبەڕووی مەترسیدارترین هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ جەنگ بووەتەوە.
گرۆندبێرگ بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، جموجووڵە سەربازییەکان لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ لە مەئرب، حەزرەمەوت، مۆخا و ناوچەکانی دیکە زیادیان کردووە و بوونەتە هۆی کوژرانی چەندین سەرباز و هاووڵاتیی سڤیل.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، مەترسیی راکێشانی یەمەن بۆ نێو ململانێیەکی فراوانتر و ناوچەیی لێ دەکەوێتەوە.
ئەو بەرپرسە داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دەستبەجێ گرژییەکان کەم بکەنەوە و کار بۆ ئاگربەستێکی بەهێز بکەن، چونکە بەردەوامیی جەنگ لە سایەی وشکەساڵی و نەبوونی خۆراکدا، کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.



