رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی ئێران رۆژی شەممە داوایان کرد کە ئەو سێ فڕۆکەوانەی وڵاتەکەیان ئازاد بکرێن، کە دەڵێن لە کاتی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە قەتەر بەدیل گیراون.
ئاژانسی هەواڵی (فارس)ـی ئێرانی لەسەر زاری ژەنەراڵ محەممەد باقرزادە، فەرماندە لە هێزە چەکدارەکانی ئێران بڵاویکردەوە: "لە کاتی شەڕەکەدا، سێ فڕۆکەوانی ئێرانی دوای تێکشکانی فڕۆکە جەنگییەکانیان لە جۆری (Su-24)، بە زیندوویی لەلایەن هێزەکانی قەتەرەوە دەستگیرکران."
ئەو فەرماندە ئێرانییە لە نامەیەکدا کە ئاراستەی خاچی سووری نێودەوڵەتیی کردووە، نووسیویەتی: "جەواد ساڵحی، عەبدولمەجید دەشتیان و عومران بەهراوەشیان ماوەی شەش مانگە لەلایەن هێزەکانی قەتەرەوە دەستبەسەر کراون."
لە نامەکەیدا باقرزادە داوای ئازادکردنیان دەکات و دەڵێت، ئەو فڕۆکەوانانە رێگەیان پێ نەدراوە کەسوکاریان ببینن یان هیچ پەیوەندییەکیان پێوە بکەن. ئێران پێشتر دەیگوت ئەم فڕۆکەوانانە بێسەروشوێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا هەواڵی بەدیلگیرانیان بڵاو نەکردبووەوە.
مانگی رابردوو، سوپای ئێران رایگەیاند، تەرمی فڕۆکەوانێکی دیکەی ئێرانی بە ناوی مەجید کازمییان هێناوەتەوە، کە لە سەرەتای مانگی ئاداردا لە کاتی هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی عودەید لە قەتەر کوژرابوو.
بنکەی ئاسمانیی عودەید لە قەتەر، گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و میوانداریی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) و هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا دەکات.
کورتەیەکی شەڕەکە
شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 28ـی شوبات دەستیپێکرد، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و تارانیش لە وەڵامدا هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ناوچەکە.
دوای 40 رۆژ شەڕ، لە مانگی نیساندا ئاگربەست راگەیێندرا و لە مانگی حوزەیرانیش رێککەوتنێک بۆ گفتوگۆی ئاشتی واژۆ کرا، بەڵام دواتر هەمووی شکستی هێنا.
لەو کاتەوە، ئەمریکا و ئێران ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر یەکدی، کە زۆربەی پێکدادانەکان لە باشووری ئێران و دەوروبەری تەنگەی ستراتیجیی هورمز بوون، هەرچەندە لە کۆتایی مانگی تەممووزەوە شەڕەکە تاڕادەیەک راوەستاوە و هێمن بووەتەوە.


_underway_in_the_Atlantic_Ocean_on_30_January_2019_(190130-N-PW716-1312).webp&w=3840&q=75)
