رووداو – دیجییتاڵ
حکومەتی قەتەر دەنگۆی دەستبەسەرکردنی سێ فڕۆکەوانی جەنگیی ئێرانی لە وڵاتەکەی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، کەسیان دەستبەسەر نەکردووە و تەنیا تەرمی یەکێک لەو فڕۆکەوانانەیان دۆزیوەتەوە.
رۆژی شەممە 15ی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی (فارس)ـی ئێرانی لەسەر زاری جەنەڕاڵ محەممەد باقرزادە، فەرماندە لە هێزە چەکدارەکانی ئێران بڵاویکردەوە، "لە کاتی شەڕەکەدا، سێ فڕۆکەوانی ئێرانی دوای تێکشکانی فڕۆکە جەنگییەکانیان لە جۆری (Su-24)، بە زیندوویی لەلایەن هێزەکانی قەتەرەوە دەستگیرکران."
ئەو فەرماندە ئێرانییە لە نامەیەکدا کە ئاراستەی خاچی سووری نێودەوڵەتیی کردووە، نووسیویەتی: "جەواد ساڵحی، عەبدولمەجید دەشتیان و عومران بەهراوەشیان ماوەی 6 مانگە لەلایەن هێزەکانی قەتەرەوە دەستبەسەر کراون."
لە بەرامبەردا هەر ئەمڕۆ، ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، "بە تووندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لە دەستبەسەرکردنی فڕۆکەوانی ئێرانی دەکەن و سەرسامین بەو لێدوانە چەواشەکارانە لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بەردەوامن."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەڵێت: "لە مانگی ئاداری رابردوو، دوای ئەوەی ئەو فڕۆکانە ئاسمانی ئێمەیان بەزاند، هەوڵمان دا پەیوەندییان پێوە بکەین، بەڵام وەڵامیان نەبوو، بۆیە رێکاری سەربازیمان بۆ بەرگری لە خاکەکەمان گرتەبەر."
ماجید ئەنساری راشیگەیاندووە، "تیمەکانی رزگارکردنی قەتەر گەڕانێکی وردیان بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی فڕۆکەوانەکان کرد، بەڵام تەنیا تەرمی یەکێکیان دۆزرایەوە."
محەممەد باقرزادە، لە نامەکەیدا داوای ئازادکردنیان دەکات و دەڵێت، ئەو فڕۆکەوانانە رێگەیان پێنەدراوە کەسوکاریان ببینن یان هیچ پەیوەندییەکیان پێوە بکەن. ئێران پێشتر دەیگوت ئەم فڕۆکەوانانە بێسەروشوێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا هەواڵی بەدیلگیرانیان بڵاونەکردبووەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایدەگەیێنێت، "پەیوەندیمان بە لایەنی ئێرانییەوە کردووە بۆ هاوئاهەنگی و رادەستکردنەوەی تەرمی ئەو فڕۆکەوانە، بەڵام تاران وەڵامی بانگهێشتەکەی ئێمەی نەداوەتەوە، کاتێک لە مانگی نیساندا داوامان لێکردن تیمێک بنێرن بۆ بینینی پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەکە."
مانگی رابردوو، سوپای ئێران رایگەیاند، تەرمی فڕۆکەوانێکی دیکەی ئێرانی بە ناوی مەجید کازمی-یان هێناوەتەوە، کە لە سەرەتای مانگی ئاداردا لە کاتی هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی عودەید لە قەتەر کوژرابوو.
شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 28ـی شوبات دەستیپێکرد، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و تارانیش لە وەڵامدا هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.


_underway_in_the_Atlantic_Ocean_on_30_January_2019_(190130-N-PW716-1312).webp&w=3840&q=75)
