رووداو دیجیتاڵ جارید کوشنەر، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن لە ماوەی نزیکەی یەک مانگی داهاتوودا پێشکەوتنی بەرچاو لە دۆسیەی داماڵینی چەکی بزووتنەوەی حەماس و بەرەوپێشبردنی پلانی ئاشتیی غەززە بەدی بکرێت. کوشنەر لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ شاری تەلئەڤیڤ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)ـی ئەمریکی گوتی: "رەنگە لە ماوەی تەنیا 30 رۆژدا ببینین کە کارەکان بەرەو پێش دەچن؛ هیوادارین لەو ماوەیەدا دەست بکرێت بە کۆکردنەوەی بەشێک لە چەکەکان و هەروەها پڕکردنەوە و لەناوبردنی هەندێک لەو تونێلانەی کە لە ناو کەرتی غەززەدا هەن." ئەم لێدوانەی کوشنەر لە کاتێکدایە، کە پلانی دوای جەنگی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە، کە لە لایەن "بۆردی ئاشتی"ـیەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ماوەی چەندین مانگە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە پەکیکەوتووە. گرنگترین خاڵەکانی ئەم ململانێیە ئەمانەن: هەڵوێستی حەماس: بزووتنەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەممووزی رابردوودا رەزامەندیی خۆی بۆ نەخشەڕێگەیەکی 15 خاڵی دەربڕی، کە تێیدا ئامادەیی نیشانداوە چەکەکانی رادەستی لیژنەیەکی تەکنۆکراتی فەلەستینی بکات، کە بڕیارە غەززە بەڕێوەببەن. مەرجی نەتەنیاهوو: بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە تووندی دژی ئەم نەخشەڕێگەیە وەستاوەتەوە و رایگەیاندووە، تاوەکو حەماس "بە تەواوی و بە کردەیی" چەک نەکرێت، سوپای ئیسرائیل لە غەززە ناکشێتەوە. جووڵە دیپلۆماسییەکان لە میسر و ئیسرائیل کۆبوونەوەی کوشنەر لە تەلئەڤیڤ تەنیا چەند کاژێرێک دوای سەردانەکەی دێت بۆ میسر، کە لەوێ لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر کۆبووەوە. هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی کوشنەر، شاندێکی باڵای حەماس بە سەرۆکایەتیی خەلیل حەییە لە قاهیرە بوون بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگریی میسر سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئاگربەست و میکانیزمی چەکدانان. ئێستا واشنتن لە هەوڵێکی چڕدایە تاوەکو بەرلە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەم لە ئەمریکا، دەستکەوتێکی بەرجەستە لە دۆسیەی غەززەدا بەدەستبهێنێت. بڕیارە کوشنەر ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنی میسری و فەلەستینی بباتە بەردەم نەتەنیاهوو، تاوەکو قایلی بکات دەست بە جێبەجێکردنی پلانی کشانەوە لە ناو غەززە بکات، بەرامبەر بە دەسپێکی پڕۆسەی داماڵینی چەکی حەماس کە وەک کوشنەر دەڵێت "رەنگە لە 30 رۆژی داهاتوودا دەستپێبکات."