رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر حیزبوڵڵای لوبنانیدا سەپاند و بە "خزمەتکار و بەشێک لە سوپای ئێران" ناوی برد، رۆژی هەینی ئەو گرووپە چەکدارە رایگەیاند، هیچ سزایەک ناتوانێت رێگری لێبکات لە شەڕکردن دژی ئیسرائیل.
سزاکانی ئەمریکا چین؟
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گۆڕانکاری لە پێناسە و پۆلێنکردنی حیزبوڵڵادا کرد و بەفەرمی رایگەیاند کە ئەو گرووپە "لە خزمەتی رژێمی ئێران و لەژێر فەرمانی سوپای پاسداراندایە."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای خستە سەر دە کەس کە گوایە بەشێکن لە تۆڕێکی بەقاچاخبردنی پارە بۆ حیزبوڵڵا.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەم کەسانە لە رێگەی گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکانەوە لەنێوان لوبنان، تورکیا، ئیمارات و ئێران "سەتان ملیۆن دۆلار" بەشێوەی نەختینە دەگوازنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە سزاکان بدزنەوە.
حیزبوڵڵا چی دەڵێت؟
لە وەڵامی ئەم سزایانەدا حیزبوڵڵا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "هەموو ئەم سزا و پۆلێنکردنە نادادپەروەرانەیە ناتوانن ساردمان بکەنەوە لە بەردەوامبوون لەسەر رێگەی موقاوەمە و پاراستنی مافی لوبنان."
حیزبوڵڵا رەتیکردەوە کە ئەوان کرێگیراوی ئێران بن و گوتی: "ئێمە پێویستمان بە کەس نییە شایەتیمان بۆ بدات کە ئایا ئێمە لوبنانین و نیشتمانپەروەرین یان نا... پەیوەندییە نزیک و برایانەکەمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندییەکە کە ئێمە زۆر بەرز دەینرخێنین و شانازیی پێوە دەکەین."
بۆچوونی ئەمریکا لەسەر حیزبوڵڵا
ئەمریکا هەر لە ساڵی 1997ـەوە حیزبوڵڵای وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساندووە. بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، گوتی، ئەمریکا چەندین ساڵە بەڵگەی هەیە لەسەر ئەوەی حیزبوڵڵا لەڕووی دارایی و سەربازی و لۆجستییەوە بەتەواوی تێکەڵ بە فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە. ئەو بەرپرسە گوتی: "حیزبوڵڵا تەنیا درێژکراوەیەکی فەیلەقی قودسە، نەک بزووتنەوەیەکی بەرگریی لوبنانی."
لەبەرامبەردا، حیزبوڵڵا دەڵێت، ئامانجی ئەمریکا لەم سزایانە ئەوەیە "گوشار و گەمارۆ بخاتە سەر بزووتنەوەکە و لایەنگرانی" تەنیا بۆ ئەوەی ئیسرائیل بپارێزێت.
دۆخی لوبنان و دانوستاندنەکان
واشنتن سەرپەرشتیی دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی لە 2ـی ئادارەوە دەستیپێکردووە، کاتێک حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەندین مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی قورس و داگیرکاریی وشکانی لە باشووری لوبنان کرد، کە بەپێی ئاماری دەسەڵاتدارانی لوبنان تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار هەزار و 300 کەس لەو شەڕەدا کوژراون.
لە مانگی حوزەیراندا ئیسرائیل و لوبنان رێککەوتنێکی سەرەتاییان واژۆ کرد کە داوای چەککردنی حیزبوڵڵا و کشانەوەی هێواش هێواشی سوپای ئیسرائیل دەکات، بۆ ئەوەی سوپای لوبنان بچێتە جێگەکەی.


.jpg&w=3840&q=75)
