- بەڕێوەبەری نوێی مۆساد سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و بەشی ئێرانی لە کارەکانیان دوورخستوونەتەوە.
- پێگەی The Intercept دەڵێت ئیسرائیل باجی "گەورەترین هەڵەی مێژوویی خۆی" دەدات لە شەڕی ئێراندا.
- شکستی پلانی پڕچەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دروستکردنی راپەڕین لە نێوخۆی ئێراندا.
- داخستنی تەنگەی هورمز بووەتە چەکێکی بەهێزی ئێران بۆ خنکاندنی ئابووریی جیهان.
رووداو دیجیتاڵ
بەم دواییە رۆمان گۆفمان، بەڕێوەبەری نوێی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، هەردوو سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و سەرۆکی بەشی ئێرانی لە کارەکانیان دوورخستەوە. مۆساد دەزگایەکە هەمیشە بە نهێنی کار دەکات و زۆر دەگمەنە کەسانی باڵای بەمشێوەیە و بە ئاشکرا لە کارلاببرێن.
دۆڕاندنی قومارێکی گەورە لە ئێران
پێگەی The Interceptی ئەمریکی لە راپۆرتێکی شرۆڤەکاریدا دەنووسێت: "کێشەکە ئەوەیە ئیسرائیل ئێستا باجی گەورەترین هەڵەی مێژووی خۆی دەدات، ئەویش شەڕی شکستخواردووی دژی ئێرانە".
ئیسرائیل ئەم شەڕەی وەها بە ئەمریکا فرۆشتبوو کە شەڕێکی زۆر ئاسان دەبێت و بەخێرایی حکومەتی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەڕووخێنێت، بەڵام هیچ کام لەو شتانەی ئیسرائیل دەیویستن روویان نەدا.
کوشتنی عەلی خامنەیی ئەنجامی پێچەوانەی هەبوو
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل پێیوابوو ئەگەر عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی بکوژێ، وڵاتەکە دەکەوێتە نێو ئاژاوەوە و خەڵک رادەپەڕن. بەڵام لەبری ئەوە، موجتەبای کوڕی جێگەی گرتەوە کە رەنگە لە باوکی تووندتر و دووژمنکارانەتر بێت بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل.
"داخستنی تەنگەی هورمز بووەتە بەهێزترین چەکی ئێران بۆ خنکاندنی ئابووریی جیهان"
داخستنی تەنگەی هورمز
ئیسرائیل بەڵێنی دابوو ئەگەر ئێران تەنگەی هورمزیش دابخات، هیچ کاریگەرییەکی سەربازی نابێت. بەڵام ئێستا دەرکەوتووە کە داخستنی ئەو رێڕەوە ئاوییە بووەتە گەورەترین و بەهێزترین چەکی دەستی ئێران بۆ خنکاندنی ئابووریی جیهان.
پلانەکەی مۆساد کە شکستی هێنا چی بوو؟
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەرکی سەرەکیی مۆساد لەم شەڕەدا ئەوە بوو کە سیستمی ئەمنیی ئێران لاواز بکات. پلانەکە وابوو چەک بدەنە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە هێرش بکەنە سەر ئێران و ئەمەش ببێتەهۆی دروستبوونی راپەڕینێکی گەورەی جەماوەری بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی تاران.
بەڵام هیچ کام لەمانە سەریان نەگرت: سیستمی ئەمنیی ئێران دانەڕما، حیزبەکانی رۆژهەڵات بڕیاریاندا نەبنە بەشێک لە جەنگەکە و هیچ راپەڕینێکیش لە شارەکانی ئێران دروست نەبوو.
"هەڵمەتە کۆمیدییەکەی" مۆساد لە ئینتەرنێت
The Intercept ئاماژە بەوە دەکات، لە کاتی شەڕەکەدا مۆساد ویستی وێنەی خۆی وەک هێزێکی زەبەلاح نیشان بدات کە دەیەوێ یارمەتیی خەڵکی ئێران بدات. بۆ ئەم مەبەستەش، بەفەرمی و بە لۆگۆی مۆسادەوە، پەیجی لە ئێکس و تەلەگرام بە زمانی فارسی دانا، گاڵتەی بە بەرپرسانی ئێران دەکرد و وێنە و ڤیدیۆی ساختەی بە ژیریی دەستکرد دروست دەکرد کە گوایە خەڵک زیندانەکان دەشکێنن و هەڵدێن بۆ ئیسرائیل. تەنانەت داوایان لە خەڵک دەکرد زانیارییان پێبدەن لە بەرامبەر پارەدا.
بەڵام ئەم هەڵمەتە جگە لە گاڵتەجاڕی، هیچ ئەنجامێکی نەبوو و بەرپرسانی ئێرانیش هەر لەسەرەتاوە گاڵتەیان پێدەهات.
پلانەکانی 'ب' و 'ج'
پێگە ئەمریکییەکە دەڵێ، کاتێک پلانی پڕچەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوبەشی CIA و مۆساد شکستی هێنا، مۆساد بەپەلە پلانی (ب)ـی داڕشت، ئەوەش ئەوە بوو، لە رێگەی ئاسمانەوە هێرش بکەنە سەر بنکەکانی پۆلیس و بەسیج بۆ ئەوەی حکومەت بڕووخێنن، بەڵام ئەمەش نەبووە هۆی هیچ راپەڕینێک.
دواتر دەستیان بە پلانی (ج) کرد کە لێدانی هێڵی ئاسن و ژێرخانی ئابووریی ئێران بوو بۆ ئەوەی وڵاتەکە لە رووی ئابوورییەوە لاوازتر بکەن، بەڵام ئەمەش تەنیا بە هێزی سەربازیی ئەمریکا دەکرا. ئێستاش ئەمریکا بە خۆی کێشەی هەیە و مووشەکی بەرگریی پێویستی نەماوە بۆ پاراستنی بنکەکانی خۆی، چ جای ئەوەی بتوانێت وەک جاران پارێزگاری لە ئیسرائیل بکات.
"ئیسرائیل پێیوایە ئەو کێشەیەی بە بۆمب چارەسەر نەبوو، بە بۆمبی زیاتر چارەسەر دەبێت"
نەتەنیاهوو ئەوەی دەیویست بەدەستیهێنا، بەڵام...
نەتەنیاهوو بۆ چەندین ساڵ هەوڵی دا ئەمریکا بخاتە شەڕەوە لەگەڵ ئێران و لە کۆتاییدا ئەو شەڕەی بەدەستهێنا کە دەیویست، بەڵام نە هێزی سەربازی و نە ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی، نەیانتوانی ئامانجەکەی بپێکن. ئێستاش بەناچاری دانی بەوەداناوە کە رووخانی ئێران "لە یەک رۆژدا روونادات."
لە کاتێکدا هەندێک لە وەزیرەکانی ئیسرائیل دڵخۆشن بەوەی ئێستا باشووری ئێران بەردەوام بۆردوومان دەکرێ و "ئەمریکا لە جیاتی ئەوان شەڕ دەکات و دەکوژرێ"، راپۆرتە نوێیەکان دەڵێن، نەتەنیاهوو فەرمانی بە مۆساد و سوپا کردووە خۆیان بۆ هێرشێکی زۆر گەورەتر ئامادە بکەن لە وەرزی پاییزدا. وەک هەمیشە لە یەمەن، لوبنان، غەززە و ئێستاش لە ئێران، ئیسرائیل پێیوایە ئەو کێشەیەی بە بۆمب چارەسەر نەبوو، بە بۆمبی زیاتر چارەسەر دەبێت، ئەمە وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە.


.jpg&w=3840&q=75)
