رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO) رایگەیاند، تەنگەی هورمز بووەتە چەق و مەیدانی سەرەکیی شەڕی شەش مانگەی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل. لەو ماوەیەدا، ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە بازرگانییەکان لەو رێڕۆیە گرنگەی نەوت و گازدا کراونەتە ئامانج.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە، 68 رووداو لە کەنداو و ئاوەکانی دەوروبەریدا پشتڕاست کراونەتەوە، ئەمەش بەو واتایەیە کە بە تێکڕا لە هەر 2.6 رۆژدا، رووداوێک تۆمار کراوە. لە ئەنجامی ئەو رووداوانەدا، لانیکەم 20 دەریاوان یان کرێکاری بەندەرەکان کوژراون، 35 کەس بریندار بوون و یەکێکی دیکەش بێسەروشوێنە.
جۆری کەشتییەکان و ناسنامەکانیان
نەوتهەڵگرەکان زۆرترین پشکیان لەم رووداوانەدا بەرکەوتووە، کە 50%ی کۆی کەشتییەکان پێکدەهێنن. هەروەها کەشتیی لە جۆری کۆنتێنەر بە رێژەی 20% و کەشتیی بارهەڵگری گەورە بە رێژەی 15% لە پلەکانی دووەم و سێیەمدا دێن. لە لایەکی دیکەوە، ئەو کەشتییانەی ئاڵای لیبێریایان لەسەر بووە، زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە کە 13 کەشتی بوون، دوای ئەوانیش پەنەما و دوورگەکانی مارشاڵ دێن کە هەر یەکەیان 10 کەشتییان پێکراون. ئەو کەشتییانەی ئاڵای ئێرانیان پێوە بووە، تەنیا چوار رووداویان تێدا تۆمار کراون.
قۆناخەکانی جەنگ و کاریگەرییان لەسەر هێرشەکان
ئامارەکان پێشانی دەدەن کە ئاستی هێرشەکان پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە بەرەوپێشچوونی دانوستاندنەکانەوە هەبووە.
قۆناخی یەکەم: لە دەستپێکی شەڕ لە کۆتایی شوبات تاوەکو نێوەڕاستی حوزەیران (کاتی دەستپێکی دانوستاندنەکان)، تێکڕای هێرشەکان یەک رووداو بووە لە هەر 2.3 رۆژدا. لەم قۆناخەدا 16 کەس کوژراون و هێرشەکان کەناراوەکانی عێراق، ئێران، قەتەر، سعودیە، عومان و ئیماراتیان گرتووەتەوە.
قۆناخی دووەم: لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکان تاوەکو 7ی تەممووز، ئاستی هێرشەکان بۆ نیوە دابەزی و تێکڕا گەیشتە یەک رووداو لە هەر 4.6 رۆژدا. لەم ماوەیەدا هیچ کەس نەکوژراوە و بریندار نەبووە. زۆربەی رووداوەکان لە نزیک کەناراوەکانی عومان بوون، لەو شوێنانەی کە کەشتییەکان رێڕەوی رێگەپێنەدراوی ئێرانیان بەکارهێناوە. تاران کە دەیەوێت دوای شەڕ کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز بکات و باج لە کەشتییەکان وەربگرێت، هۆشداریی دابووە کەشتییەکان کە رێڕەوی دیکە بەکارنەهێنن.
قۆناخی سێیەم: دوای ئەوەی دانوستاندنەکان شکستیان هێنا، جارێکی دیکە هێرشەکان زیادیان کردووەتەوە و ئێستا لە هەر 2.8 رۆژدا رووداوێک تۆمار دەکرێت. لەم قۆناخە نوێیەدا، چوار دەریاوان کوژراون، 16 بریندار بوون و یەک کەسیش بێسەروشوێن بووە.

.avif&w=3840&q=75)
