رووداو دیجیتاڵ
سالم غانم، وەک زۆر لە کوێتییەکانی دیکە، هێشتا تانکەکانی عێراقی لە بیرە کاتێک وڵاتەکەیان داگیرکرد. ئەو کاتە ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا نەبوونایە، رەنگە کوێت چیدیکە وەک وڵات لەسەر نەخشە نەمابایە. بەڵام ئێستا دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەندێک لە خەڵکی ئەو وڵاتە هێزەکانی ئەمریکا نەک بە پارێزەر، بەڵکو بە سەرئێشە و هۆکاری کێشە دەبینن، چونکە هەبوونی ئەوان کوێتی خستووەتە بەر بەزەیی مووشەکەکانی تاران.
لە مانگی شوباتی رابردووەوە کە شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، تاران و هاوپەیمانەکانی چەندین جار کوێتیان بۆردوومان کردووە. هێرشەکان ژێرخانی سڤیلی وەک وێستگەکانی سازگارکردنی ئاو، دامەزراوەکانی وزە و ئەو بنکە سەربازییانەیان کردووەتە ئامانج کە هێزەکانی ئەمریکایان تێدایە.
قەیرانی ئابووری و تەنگەی هورمز
داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کوێتی خستووەتە نێو قەیرانێکی ئابووریی قووڵەوە، چونکە ئابووریی ئەو وڵاتە تەنیا بەندە بە هەناردەی نەوت لەو رێڕەوەوە. سالم غانم کە شرۆڤەکارێکی سیاسییە، دەڵێت: "ئامانجی ئێران ئەوەیە وڵاتانی کەنداو وەک مەیدانێک بۆ گوشار خستنە سەر ئەمریکا بەکاربهێنێت، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە سەرۆکی ئەمریکا خەمی ئەوەی نییە و لەپێناو کوێت لە هێرشەکانی پاشەکشە ناکات."
لە نێو کوێتییەکاندا رەخنەکان زیاتر بوون. هەرچەندە بەگوێرەی رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ، یاساکانی کوێت رێگە نادەن بە ئاشکرا رەخنە لە سەرکردە بیانییەکان یان هاوبەشە دیپلۆماسییەکان بگیرێت، بەڵام لە پەناوە خەڵک دەپرسن: "ئایا تا کەی دەبێت باجی هەبوونی هێزە بیانییەکان و بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ بدەین؟"
ژنێکی کوێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت: "بێگومان ئێمە باجی مانەوەی ئەمریکییەکان دەدەین، بەڵام بیری لێبکەرەوە ئەگەر ئەوان لێرە نەبوونایە چی دەبوو؟"
دووڕیانێکی سەرلێشێوێنەر
ئەم بارودۆخە کوێتی خستووەتە نێو دووڕیانێکی سەرلێشێوێنەرەوە. لە لایەکەوە ناتوانن لەبیر بکەن کە ئەمریکا لە دەستی سەدام حوسێن رزگاری کردن، لە لایەکی دیکەشەوە ئێستا بەهۆی ئەمریکاوە دەکوژرێن. بەپێی ئامارەکان، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کوێت تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی 15 کەس، کە شەش سەربازی ئەمریکی، چوار سەربازی کوێتی و پێنج دانیشتووی بیانییان تێدایە.
سەرەڕای ئەوەی سعودیە و پاکستان و تورکیا رێککەوتنێکی سەربازیی نوێیان واژۆ کردووە بۆ پاراستنی ناوچەکە، بەڵام شارەزایان دەڵێن، کوێت هێشتا ناتوانێت دەستبەرداری ئەمریکا بێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی پشتگیریکردنی واشنتن لە ئیسرائیل و بۆردوومانەکانی غەززە، جەماوەریی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زۆر کەمی کردووە و هەڵمەتەکانی بایکۆتکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک ستارباکس و مەکدۆناڵدز لە نێو کوێتییەکاندا زۆر بەهێزە.
بەرپرسێکی دیپلۆماسیی باڵا لە کوێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "کێشەی کوێت شوێنە جوگرافییەکەیەتی، کە وایکردووە زۆر زەحمەت بێت بتوانێت جێگرەوەیەکی دیکە جگە لە ئەمریکا بدۆزێتەوە، تەنانەت ئەگەر باجەکەشی قورس بێت."

.avif&w=3840&q=75)
