رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا دەیەوێت ئێران لە ئابووریی جیهان داببڕێت، هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو لایەن و دامەزراوانە دەکات هاوکاریی ئێران دەکەن لە بەرگەگرتنی سزاکانی ئەمریکا.
بەگوتەی سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندی بە سەرۆکی ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان کردووە، بەڕوونی پێی گوتوون، پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئێران رابگرن، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن.
بیسێنت ناوی هیچ یەکێک لەو سەرۆک وڵاتانەی ئاشکرا نەکرد.
چین، عێراق، ئیمارات و تورکیا لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەن زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە. رەنگە هەر ئەمانیش لە پێشەوەی لیستی تەلەفۆنەکانی ترەمپ بن و هۆشدارییان پێدرابێت، هەرچەندە بە فەرمی ناوی هیچ وڵاتێک نەهێندراوە.
ساڵی 2024، ئێران بە بەهای 56 ملیار دۆلار، سووتەمەنی و کاڵا و شتوومەکی هەناردە کردووە، لەو ژمارەیە 14.58 ملیار دۆلاری لەگەڵ چین بووە.
عێراق بە 11.7 ملیار، ئیمارات بە 7.16 ملیار، تورکیا بە 6.1 ملیار و ئەفغانستانیش بە 2.3 ملیار دۆلار لە پلەی دووەم تاوەکو پێنجەمی ئەو وڵاتانەن ئێران زۆرترین هەناردەی بۆ کردوون.
هەر لە 2024، ئێران بە بەهای 68.5 ملیار دۆلار کاڵا و شتوومەکی هاوردە کردووە، 30%ی هاوردەی ئێران لە ئیماراتەوە بووە، بە بەهای 21 ملیار. هەروەها چین بە بەهای 17.8 ملیار دۆلار پلەی دووەمی ئەو وڵاتانەی گرتووە ئێران کاڵا و شتوومەکیان لێوە هاوردە دەکات.
تورکیا بە 11.1 ملیار، یەکێتیی ئەورووپا بە 6.1 ملیار و هیندستان بە 1.6 ملیار دۆلار لە ریزبەندی سێیەم تاوەکو پێنجەمی ئەو شوێنانەی ئێران کاڵایان لێوە هاوردە دەکات.


.avif&w=3840&q=75)
