رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، بەهۆی گۆڕانکاری لە دۆخی ئەمنیدا، گۆڕانکاری لە بوونی ستافیان لە چەند شوێنێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن.
رۆژی چوارشەممە 26ی ئابی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی بەشی ئینتەیکی تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەزارەتەکەمان بە بەردەوامی چاوخشاندنەوە بە رەوشی ئەمنی نێردە دیپلۆماسییەکانمان لە سەرانسەری جیهان دەکات. بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنەکانمان، بوونی ستافەکەمان لە چەند شوێنێکی دیاریکراوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رێکدەخەینەوە."
ئەو گوتەبێژە لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە دڵنیاببنەوە لەوەی دەتوانن بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە سەلامەتی و ئاسایشی ستافەکەیان بکەن.
سەبارەت بە بڕیارەکانی پەیوەست بە گەڕانەوەی ستافەکەیان بۆ ناوەندە دیپلۆماسییەکانیان، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، "ئەم بڕیارانە بەپێی گۆڕانی دۆخی ئەمنی دەدرێن. پاراستنی کارمەندەکانمان و خێزانەکانیان لە سەرووی هەموو کارەکانمانەوەیە."
ئەم بڕیارەی وەزارەتی دەرەوە لە کاتێکدایە، واشنتن خۆی ئامادە دەکات بۆ گەڕاندنەوەی دیپلۆمات و فەرمانبەرانی بۆ ئەو باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە پێش جەنگی ئێران و لە کاتی جەنگەکەدا چۆڵی کردبوون.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە دەست رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) کەوتووە، پرۆسەی گەڕاندنەوەی دیپلۆمات و ستافەکانیان و کەمکردنەوەی رێکارە نائاساییەکان لە باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکانی ئەمریکا لەم هەفتەیەوە دەستپێدەکات. ئەم بڕیارە باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئیسرائیل، لوبنان، سعودیە، قەتەر، ئوردن، عومان و کوێت دەگرێتەوە.
لە 27ی مانگی شوبات، واتە تەنیا یەک رۆژ بەر لە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، واشنتن داوای لە بەشێکی زۆری ستافی باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکانی کرد ناوچەکە جێبهێڵن. دواتر بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، کوێت و سعودیە، زۆربەی باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکان چۆڵکران و دیپلۆماتەکان لە ماڵەکانی خۆیانەوە کارەکانیان رادەپەڕاند.

.jpg&w=3840&q=75)

