رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان بە سەرۆکایەتیی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین (UNMAS) دەڵێن، رووداوەکانی پەیوەست بە پاشماوەی تەقەمەنییەکانەوە بوونەتە هۆی کوژران یان برینداربوونی لانیکەم 2,375 کەس، کە زیاتر لە 850یان منداڵن.
لە ماوەی زیاتر لە 13 ساڵی جەنگدا، لایەنە جیاوازەکان مین و تەقەمەنییان لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەدا چاندووە، ئەمەش ئاستەنگێکی مەترسیداری دروستکردووە لە کاتێکدا سووریا هەوڵی چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە دەدات.
لە راپۆرتێکی بەراییدا کە لە مانگی حوزەیراندا بڵاوکرایەوە، (چاودێریی مینی زەوینی و تەقەمەنییە هێشووییەکان) رایگەیاند، ساڵی 2025 سووریا زۆرترین ژمارەی زیانی گیانیی مینی زەوینی و پاشماوە تەقەمەنییەکانی جەنگی لە سەرتاسەری جیهاندا هەبووە، کە نزیکەی 1,600 کوژران و برینداربوون بوو.
سایمن جاکسن، بەڕێوەبەری پرۆگرامی سووریا لە رێکخراوی خێرخوازیی (HALO Trust)ـی تایبەت بە پاککردنەوەی مین رایگەیاند: "تێکڕای رووداوەکان لە سووریا بە جۆرێکە کە هەر شەش کاژێر جارێک کەسێک دەبێتە قوربانی."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ساڵ نزیکەی 700 کەس بەهۆی رووداوی تەقینەوەوە لە وڵاتەکەدا کوژراون یان برینداربوون، کە یەک لەسەر سێیان گیانیان لەدەستداوە و یەک لەسەر سێی کۆی ئەو کەسانەش منداڵن.
جاکسن گوتیشی، زیاتر لە 60٪ـی رووداوەکان لە زەوییە کشتوکاڵییەکان یان لەوەڕگەکاندا روویانداوە، روونیشیکردەوە، سەرەتای ساڵی 2025 "بەرزبوونەوەیەکی گەورە لە رووداوەکاندا هەبوو، چونکە خەڵک دوای رووخانی ئەسەد بەپەلە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان."
تیمە تایبەتمەندەکانی رێکخراوەکانی وەک (HALO Trust)، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێ، کار لەسەر پاککردنەوەی مین لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا دەکەن.
جاکسن دووپاتی کردەوە، پاشماوە تەقەمەنییەکان رێگری لە خەڵک دەکەن "خانووەکانیان دروست بکەنەوە. هەروەها رێگری لە جووتیاران دەکات بەروبوومەکانیان بچێننەوە،" ئەمەی بە ئاستەنگێک لەبەردەم "بووژانەوەی کۆمەڵگەکان و سووریادا" وەسفکرد.
هۆشداریشی دا، "ئەگەر خێرایی کارکردنمان وەک کەرتێک دوو هێندە بکەین، هێشتا لانیکەم 10 ساڵی پێویستە. ئێمە بەڕاستی پێشبینی دەکەین چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەگشتی 20 بۆ 30 ساڵی پێویست بێت."
ناوچەیەکی بەرفراوانی پیسبوو بە مین
لە قەراخەکانی دیمەشق لە ناوچەی جۆبەر، کە لە کاتی جەنگدا رووبەڕووی شەڕێکی سەخت بووەوە، تیمەکانی (HALO Trust) چەندین مانگە لە نێوان باڵەخانە وێرانکراوەکان و کەڵەکەبووی پاشماوەکاندا کار دەکەن.
حوسێن کاژەلی، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی رێکخراوەکە لە باشووری سووریا رایگەیاند، لە ماوەی نزیکەی هەشت مانگ کارکردن لە گەڕەکەکەدا، تیمەکان تەنیا توانیویانە نزیکەی 200,000 مەتر چوارگۆشە لە رێگەکان پاک بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕێکی زۆر لە پاشماوەی باڵەخانەکان، ئاسنی کۆنە و پارچە ئاسن، لەگەڵ کەمیی سەرچاوە، کارمەندی راهێنراو و ئامێری پێشکەوتوو، پرۆسەی دۆزینەوەی مینیان ئاڵۆزتر کردووە.
سەرچاوەیەک لە یەکەکانی ئەندازیاریی وەزارەتی بەرگری رایگەیاند، وەزارەتەکە بەپێی پلانێک کە پێشینە دەداتە ناوچە دانیشتووانەکان، رێگەوبانەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان، وردە وردە زەوییەکان پاک دەکاتەوە و مینی دژە مرۆڤ و مینی دژە ئۆتۆمبێل باوترین ئەو تەقەمەنییانەن کە رووبەڕوویان دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئاستەنگە سەرەکییەکان بریتین لە "نەبوونی نەخشەی هەندێک لە کێڵگە مینڕێژکراوەکان و بەرفراوانیی ناوچە پیسبووەکان،" روونیشیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان تاڕادەیەکی زۆر پشت بە نەخشە بەردەستەکان، راپۆرتی دانیشتووان و رووپێویی مەیدانی دەبەستن.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی، لەو کاتەوەی دەسەڵاتدارانی نوێ دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، 47 سەرباز کوژراون و زیاتر لە 90 سەربازی دیکەش بەهۆی مین و پاشماوەی تەقەمەنییەکانەوە بریندار بوون.
وەزارەتەکە خەمڵاندنێکی وردی بۆ کۆی رووبەری ناوچە پیسبووەکانی سووریا نییە و رۆژانە شوێنی نوێ دەدۆزرێنەوە. بەگوتەی سەرچاوەکە "ناتوانرێت کاتێکی دیاریکراو و ورد بۆ پاککردنەوەی تەواوەتی مین و تەقەمەنییەکانی دیکە دیاری بکرێت."


