رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی بەدەستەوەیە و پێی وایە ئێران بەهۆی داڕمانی خێرای ئابوورییەکەیەوە لە "سەرەمەرگدایە" و لە کۆتاییدا ناچار دەبێت بێتە سەر مێزی دانوستاندن.
سەبارەت بە گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتن و تاران، رۆژی سێشەممە 01-09-2026 بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی ئەو هێرشە سەربازییە سنووردارانەی کردوویانە، تەنیا بۆ لەناوبردنی رادارەکانی ئێران بووە. وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی: "ئێران کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی بەدەستەوە نییە، بەڵکو ئێمە کۆنترۆڵی تەنگەکەمان بەدەستەوەیە و ئەوان لە گێژاوی مەرگدان."
لەبارەی داهاتووی دەسەڵات لە ئێران، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پێشبینیی چەند قۆناخێکی کرد و گوتی: "لە قۆناخێکدا، یان سوپای پاسداران بەگژ یەکدا دەچن، یان خەڵک لێیان رادەپەڕن، یانیش دێنە سەر مێزی گفتوگۆ و دەیانەوێت رێککەوتنێک بکەن کە بتوانن پابەندی بن."
بێسێنت بۆ وەسفکردنی دۆخی دارایی و داڕمانی ئابووریی ئێران، پشتی بە گوتەیەکی ئێرنست هێمینگوەی، نووسەری ناسراوی ئەمریکی بەست و گوتی: "وەک ئێرنست هێمینگوەی گوتی، 'چۆن مایەپووچ بوویت؟ هێواش هێواش، پاشان بەخێرایی.' پێموایە ئێمە [لەبارەی ئێرانەوە] لە قۆناخی خێرابوونداین."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بە بەهای دراوی ئێرانی کرد کە چۆن لە ماوەی 16 مانگدا لە 800 هەزار ریاڵەوە بۆ 2.1 ملیۆن بەرامبەر بە یەک دۆلار دابەزیوە. بێسێنت دووپاتی کردەوە، ئێران هیچ دەستڕاگەیشتنێکی بە دۆلار نەماوە و گوتی: "ئەوان لە سەرەمەرگدان. ئایا پەلاماری سەربازیی زیاتر دەدەن؟ لەوانەیە. بەڵام ئەوان بۆ رێککەوتن ئامادە دەبن."


