رووداو دیجیتاڵ
ئێران دەڵێ، بەهۆی شەپۆلی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان، 11 کەس کوژراون. ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران پێی ناوەتە قۆناخێکی دیکە و لە وەڵامدا ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە، لەنێویاندا هەرێمی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە 02-09-2026 جێگری پارێزگاری خوزستان بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاند، لە هێرشە مووشەکییەکەی دوێنێ شەوی ئەمریکا بۆ سەر سێ ناوچەی پارێزگەکە، 7 کەس کوژراون و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون.
پێشتریش مانگی سووری ئێران بڵاویکردبووەوە، بەهۆی بەرکەوتنی پاشماوەی مووشەکێکی ئەمریکی بە زەماوەندێکی هاوسەرگیری لە شارۆچکەی کوهەستەک لە پارێزگەی سیریک، 4 کەس (کە یەکێکیان منداڵە) کوژراون و زیاتر لە 50 کەسیش بریندار بوون. هەروەها چوار مووشەک بەر ناوچەکانی چابەهار و کۆنارەک کەوتوون، بێ ئەوەی قەبارەی زیانەکان بڵاوبکرێتەوە.
لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێران هێرشی چڕیان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و بەڵێنی دەرەنجامی "تووند"ـیان دا.
لە هەرێمی کوردستان، سوپای پاسداران رایگەیاند، بە مووشەک و درۆن بنکەکانی ئەمریکایان لە هەولێر کردووەتە ئامانج و ناوەندێکی چاککردنەوە، کۆگەکان و کەرەستەی سەربازییان وێران کردووە.
لە ئوردنیش هێرشیان کردە سەر دوو بنکەی ئەمریکا، کە سوپای ئوردن 10 مووشەکی بالیستیکی لە ئاسماندا تێکشکاند و 3 مووشەکیش لە ناوچە چۆڵەکان کەوتنە خوارەوە.
هاوکات لە کوێت و بەحرێنیش هێرشی درۆنی و مووشەکی کرایە سەر بنکەی ئاسمانی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لەم چوارچێوەیەدا، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا هۆشداریی دا، هەر وڵاتێک هاوکاریی سوپای ئەمریکا بکات، رووبەڕووی وەڵامی تووندتر و وێرانکەرتر دەبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە "گەورە و بەهێزەکان"ـیان وەڵامێک بوون بۆ هەوڵە شکستخواردووەکانی ئێران بۆ چاندنی مین لە تەنگەی هورمز و هەروەها هەڵدانی هەشت مووشەک بۆ سەر بنکە سەربازییەکەیان لە ئوردن، کە سەرجەمیان تێکشکێندراون.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) نووسی، هەوڵ نادات ئێران ناچار بکات بێتە سەر مێزی دانوستاندن، و پرسیاری ئەوەی کردووە: "کەی گەلی ئێران رادەپەڕن و شەڕ دەکەن؟".
لەلایەکی دیکەوە، سەبارەت بە زیانی گیانیی سڤیل، تیم هۆکینز، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رەتیکردەوە خەڵکی سڤیلیان کردبێتە ئامانج و رایگەیاند: "سوپای ئەمریکا بەپێچەوانەی سوپای پاسدارانەوە، هەرگیز خەڵکی سڤیل ناکاتە ئامانج."
جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کوژرانی عەلی خامنەیی دەستیان پێکرد، گەیشتووەتە ئاستێکی چەقبەستوو. ئاگربەستە کاتییەکە دوای هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان کۆتایی هات. ئێستا ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و ئەمریکاش گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی تووندتر کردووە.
سەرەڕای ئەم بنبەستە دیپلۆماسییە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئامادەن هاوتای هەر هەنگاوێکی ئەمریکا کار بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنێک بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام هۆشداریشی دا، گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ سیاسەتی گوشار و هەڕەشە، دەکرێت رێڕۆی دیپلۆماسی بەتەواوی لەدەست بدات.


