رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان بەرزاییەکی ستراتیژییان لە باشووری لوبنان کۆنترۆڵ کردووە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ سەقامگیرکردنی "ناوچەی ئەمنی" لە نێو خاکی لوبناندا؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە سوپا لەو ناوچەیە ناکشێتەوە.
رۆژی هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆنترۆڵکردنی زنجیرە بەرزاییەکانی (عەلی تاهیر) بە واتای کۆتاییهاتنی قۆناخی سەپاندنی دەسەڵات دێت لە "ناوچەی ئەمنی" لە باشووری لوبنان.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، حیزبوڵڵا ئەم بەرزاییە ستراتیژییەی بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل بەکارهێناوە و تۆڕێکی بەرفراوانی تونێلی تێدا دروستکردووە کە ناوەندی فەرماندەیی تێدابووە. کاتز گوتی، "سوپای ئیسرائیل ئێستا کار بۆ لەناوبردنی تونێلەکان دەکات و بە شێوازێکی تاکتیکی لەسەر بەرزاییەکە جێگیر دەبێت بۆ ئەوەی رێگە لە گەڕانەوەی دوژمن بگرێت."
کاتز جەختی کردەوە کە ئەو و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سیاسەتێکی "روون و بێ گەڕانەوە" بەرامبەر لوبنان پەیڕەو دەکەن و گوتیشی، "ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنی لە لوبنان ناکشێتەوە تاوەکو حیزبوڵڵا لە سەرانسەری لوبنان دانەماڵدرێت و هەڕەشەکان لەسەر دانیشتووانی ناوچەی جەلیل لانەبرێن."
بەرزایی (عەلی تاهیر) کە 600 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، بایەخێکی جیۆپۆلیتیکی و سەربازیی گەورەی هەیە، چونکە بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی باشووری لوبناندا دەڕوانێت، لە نێویاندا شاری نەبەتییە. ئیسرائیل پێشتر لە ماوەی داگیرکارییەکەیدا بۆ سەر باشووری لوبنان، بۆ ماوەی 22 ساڵ کۆنترۆڵی ئەم بەرزاییەی کردبوو تاوەکو ساڵی 2000 کاتێک لێی کشایەوە.
ململانێی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە و دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران تووندتر بووە. بەگوێرەی ئامارەکانی دەسەڵاتدارانی لوبنان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار هەزار و 300 کەس لەو وڵاتە کوژراون. هەرچەندە لە مانگی حوزەیراندا چوارچێوەیەک بۆ رێککەوتن هەبوو، بەڵام جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکان و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لە 27ـی تشرینی یەکەمدا، رووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە.



