رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل درەنگانی شەوی هەینی چەند ناوچەیەکیان لە باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان بۆردوومان کرد، بەهۆیەوە لانی کەم سێ کەس کوژران و 23ی دیکەش بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکان پێنج شوێنی جیاوازیان لە ناوچەکانی سوور، نەبەتیە و دۆڵی بیقاع پێکاوە. بەپێی راپۆرتی میدیای فەرمیی لوبنان، دوو لە کوژراوەکان گەنج بوون و لە کاتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیلێکدا لە شاری نەبەتیە کراونەتە ئامانج.
لە گوندی (رمادیە) لە ناوچەی سوور، کە زیاتر لە 10 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە، بۆردوومانەکە ماڵێکی پێکاوە کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ بوون. وەزارەتی تەندروستی گوتی، لەو هێرشەدا کەسێک کوژراوە و 15ی دیکەش بریندار بوون، لەنێویاندا دوو منداڵ، سێ ژن و شەش کارمەندی فریاگوزاری هەن.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن، سوپای ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو کۆنتڕۆڵی بەرزاییە ستراتیژییەکانی (عەلی تاهیر)ی کردووە. ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی کردەوە لەوەى سوپا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ "رێگریکردن لەوەی دوژمن جارێکی دیکە لە ناوچەکەدا پێگەی خۆی جێگیر بکاتەوە".
عیمران ڕیزا، رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لوبنان لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی، ئەو خێزانانەی دوای ئاگربەستەکە دەگەڕێنەوە بۆ نەبەتیە، "رووبەڕووی وێرانکارییەکی بەرفراوان، کەمیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و نادڵنیایی دەبنەوە".
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە لە مانگی ئاداری 2026ەوە ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە ململانێیەکی تووندی سەربازیدان. هەرچەندە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ کرا و دۆخی بەرەکانی جەنگ تاوەکو ئاستێک هێور بووەوە، بەڵام لوبنان هێشتا بەردەوام بەدەست پێشێلکارییەکانی ئاگربەست و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە دەناڵێنێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی لوبنان، لە دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 4300 کەس لەو وڵاتەدا کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێکیش ئاوارەبوون.



