رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی شەش وڵاتەکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەیان لە عومان کۆببنەوە؛ ئەوەش لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی مەسقەت بۆ رێککەوتنێکی کاتی لەبارەی رێکخستنی هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدا.
ئەم کۆبوونەوەیە کە بڕیارە لە شاری سەڵاڵەی عومان بەڕێوەبچێت، دەبێتە یەکەمین دیداری راستەوخۆی نێوان دیپلۆماتە باڵاکانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو و بەرپرسێکی باڵای ئێران لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە تاران لە مانگی شوباتی رابردوودا.
رۆژنامەی (فاینانشیاڵ تایمز)ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، تاران و مەسقەت نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر رایانگەیاند کە لە قۆناخی کۆتایی رێککەوتنێکی کاتیدان؛ بەپێی ئەو رێککەوتنە، کەشتییەکان لە رێگەی ئاوە هەرێمییەکانی ئێرانەوە دەچنە نێو تەنگەکە و لە رێگەی خاکی عومانەوە دەردەچن، بەبێ ئەوەی باج و رسوومات بدەن. لە بەرامبەریشدا وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت دڵنیاببنەوە لەوەی رێککەوتنەکە کاتییە و دەتوانن کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکانیان بە ئارامی هاتوچۆ بکەن.
عومان، کە لە سەرەتای ئەم ململانێیەوە هەڵوێستێکی بێلایەنانەی هەڵبژاردووە، ئامانجیەتی لە رێگەی رازیکردنی وڵاتانی کەنداو گوشار بخاتە سەر واشنتن بۆ ئەوەی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت، بەڵام دیپلۆماتان ئاماژە بەوە دەکەن کە کردنەوەی تەواوەتیی تەنگەی هورمز بەبێ رێککەوتنی راستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران مەحاڵە.
ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە تەنانەت ئەگەر لەگەڵ عومانیش رێکبکەوێت، تەنیا لە کاتێکدا رێگە بە کردنەوەی تەواوەتیی تەنگەکە دەدات کە ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی هەڵبگرێت، مۆڵەتی فرۆشتنی نەوتی پێ بداتەوە و دەستڕاگەیشتن بە سەرمایە سڕکراوەکانی لە دەرەوە مسۆگەر بکات.
واشنتن بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە کە ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ لێکتێگەیشتنەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوو، بەڵکو تەنیا رێککەوتنێکی گشتگیر قبووڵ دەکات کە دۆسیەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش لەخۆبگرێت.

.jpeg&w=3840&q=75)

