رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی نیوەی وەرزی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا کۆتایی بێت، هەروەها بە کۆتاییهاتنی ئەو جەنگەش نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێ.
ئەمڕۆ شەممە 12-9-2026، دۆناڵد ترەمپ لە شاری دەبڵنی پایتەختی ئایرلاند لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەڤانان لەبارەی جەنگی ئێران گوتی: "پێم وایە بەم زووانە کۆتایی دێ، لەوانەیە راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی نیوەی وەرز بێت. ئێرانییەکان هەوڵ دەدەن تاوەکو پێیان دەکرێ دۆخی هەڵبژاردنەکە ئاڵۆز بکەن، بەڵام پێم وایە خەڵک لەوە تێگەیشتوون."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کۆتایهاتنی جەنگی ئێران کاردانەوەی راستەوخۆی لەسەر کەرتی وزەی جیهان دەبێ و گوتی: "کاتێک ئەوە روودەدات، نرخی نەوت بە تەواوی دادەبەزێ."
ترەمپ لە هەوڵدایە پێش هەڵبژاردنی نیوەی وەرزی کۆنگرێس کە بڕیارە رۆژی سێشەممە 3ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت، دەنگدەرانی ئەمریکی لە دابەزینی تێچووی بژێوی و وزە دڵنیا بکاتەوە، لە کاتێکدا دیموکراتەکان رەخنە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو جەنگە لەسەر ئابووریی وڵاتەکەیان دەگرن.
هەڵبژاردنەکانی نیوەی وەرزی کۆنگرێس لە ئەمریکا لە نێوەڕاستی ماوەی سەرۆکایەتیی سەرۆکدا بەڕێوەدەچێت، واتە دوو ساڵ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.لەم هەڵبژاردنانەدا هەر 435 کورسییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵدەبژێردرێنەوە.
نزیکەی یەک لەسەر سێی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێردرێنەوە (ئەم ساڵ 35 کورسی)؛ هەروەها هەڵبژاردنی پارێزگار و پەرلەمانی ویلایەتەکانیش لەگەڵیدا دەکرێ.
ئەم هەڵبژاردنە بایەخێکی زۆری هەیە، چونکە دیاری دەکات کام لایەن (کۆمارییەکان یان دیموکراتەکان) کۆنترۆڵی کۆنگرێس دەکات. ئەگەر پارتی سەرۆک (لەم دۆخەدا کۆمارییەکان لەگەڵ ترەمپ) زۆرینەی کۆنگرێس بباتەوە، ئەوا سەرۆک دەتوانێت بە ئاسانی یاسا و سیاسەتەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
بەڵام ئەگەر لایەنی (دیموکراتەکان) زۆرینە بەدەستبهێنێت، ئەوا دەتوانن رێگری لە یاساکانی سەرۆک بکەن، لێپرسینەوە بکەن و کاریگەرییەکی گەورە لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵات دابنێن.



