رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، بە ئەگەری زۆرەوە ئێران بەرپرسە لە هێرشەکەی سەر بۆریی نەوتی سەرەکیی (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا) لە سعودیە؛ ئەو بۆرییە ستراتیژییەی کە بەهۆی لێدان لە دامەزراوەکانییەوە لەکارکەوتووە و رێگەی سەرەکیی هەناردەی نەوتی ریاز بوو بەبێ تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا.
ئەمڕۆ شەممە 12-9-2026، دۆناڵد ترەمپ لە سەردانێکیدا بۆ شاری دەبڵنی پایتەختی ئایرلاند لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا، کە ئایا ئێران لەپشت پەلاماردانی ئەو بۆرییە نەوتییە سەرەکییەیە؟ گوتی: "پێموایە ئەوانن، بە ئەگەری زۆرەوە ئەوانن."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، دوای رووداوەکە پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کردووە و وەکو "هاوڕێیەکی باش" وەسفی کرد.
رووداوەکە چییە و سعودیە کێ تۆمەتبار دەکات؟
بۆریی نەوتی (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا) یەکێک لە باشترین بۆرییەکانی هەناردەی نەوتی سعودیە و پێنجشەممە، 10ی ئەیلوولی 2026 بە درۆن کرایە ئامانج. بۆرییەکە درێژییەکەی نزیکەی 1200 کیلۆمەترە و نەوت لە کێڵگەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەگوازێتەوە بۆ بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سوور.
ئەم بۆرییە رێگە بە ریاز دەدات بەبێ تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا نەوت هەناردە بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی تاران لە سەرەتای جەنگی ئەم ساڵدا هاتووچۆی تەنگەکەی سنووردار کرد.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆرییە نەوتییەکە لە هەردوو پارێزگای ریاز و مەدینە، لەڕێگەی چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون، بەهۆی هێرشەکەوە بریندار و زیانی مادیی زۆر لێکەوتووەتەوە.
سعودیە باسی لەوە کردووە کە لەسەر داوای عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریانداوە لەم قۆناخەدا وەڵامی سەربازی نەدەنەوە تاوەکو دەرفەت بدەنە بەغدا رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لەم پەلامارانە بگرێتەبەر.
وەڵامی موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق
دوای ئەم تۆمەتانە، گرووپی موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی هەبوونی هەر دەستێکی لەو هێرشانەدا رەتکردەوە و لە وەڵامدا گوتی: "تۆمەتبارکردنی ئێمە بەو هێرشانە، شکۆیەکە بانگەشەی بۆ ناکەین."
ئەو گرووپە رەخنەی لە هەڵوێستی بەغدا گرت و نووسیویەتی، سەریان سووڕماوە لە پەلەکردنی حکومەتی عێراق لە گرتنەبەری ئەم تۆمەتانە بەبێ پشتبەستن بە بەڵگەی باوەڕپێکراو؛ موقاوەمەی ئیسلامی تۆمەتەکانی بە هەوڵێکی شکستخواردوو ناوبرد بۆ داپۆشینی شکستەکانی سعودیە لە بەرامبەر خەڵکی یەمەن و سەرکەوتنە مەیدانییەکانیان.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ئامادەییی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی فەرمیی حکومەت دەربڕی بۆ دەرکەوتنی راستییەکان، هاوکات هۆشداریی دا لەوەی عێراق پەلکێشی نێو ئەو پیلانە هەرێمییانە نەکرێت.



