رووداو دیجیتاڵ
بەحرێن رایگەیاند، بەشداری لەو کۆبوونەوە پێشنیازکراوەی عومان ناکات کە بڕیارە لە نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو سەبارەت بە تەنگەی هورمز بەڕێوەبچێت.
رۆژی شەممە 12-09-2026 وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی سەر ژێرخانی وڵاتانی کەنداو رایگەیاند، ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا "لە رێگەی سیاسەتی نەرمیی نواندنەوە ناپارێزرێت،" هەروەها داوای کرد تەنگەی هورمز بەبێ "جیاکاری، باج یان مۆڵەت" کراوە بێت.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەک بە میوانداریی مەسقەت بەڕێوەدەچێت و تێیدا گفتوگۆ لەسەر داهاتووی تەنگەکە دەکرێت، کە رێڕۆیەکی زۆر گرنگە بۆ هەناردەکردنی نەوت و گازی جیهانی.
تاران هەوڵ دەدات بە فەرمی کۆنتڕۆڵی ئەو رێڕۆ ئاوییە بکات، لە نێویاندا ئەگەری وەرگرتنی باج لە بەرامبەر تێپەڕبوون بە تەنگەکەدا، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ مەسقەت لە گفتوگۆدایە، کە بەشێک لە سنووریی ئاوی دەکەوێتە نێو تەنگەی هورمزەوە.
پێش دەستپێکردنی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆتایی مانگی شوبات لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، هاتووچۆکردن بە تەنگەکەدا بۆ کەشتییەکانی سەرجەم وڵاتان بێبەرامبەر بوو.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن گوتیشی، پابەندی گفتوگۆن بەڵام "پێش دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات، نابینە بەشێک لە هیچ کۆبوونەوەیەکی بەکۆمەڵ کە ئێران تێیدا بەشدار بێت."
لە ساڵی 2016 و لە قەیرانێکی پێشووتری نێوان رکابەرەکانی ناوچەکە، بەحرێن شانبەشانی سعودیە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند. لە کاتێکدا ریاز لە ساڵی 2023 پەیوەندییەکانی ئاسایی کردەوە، بەڵام مەنامە تاوەکو ئێستا ئەو کارەی نەکردووە.



