رووداو دیجیتاڵ
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی و ئیمارات دەیانەوێت لاپەڕەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان دابخەن و پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاسایی بکەنەوە، دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە پەیوەندییەکانیان تێکچوو.
پزیشکیان لە پەراوێزی لووتکەی وڵاتانی "بریکس" لە هیندستان، لەگەڵ شێخ خالید بن محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی کۆبووەوە.
سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی دیدارەکەوە گوتی: "بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی جەنگ و ئەو رووداوانەی لە کەنداو روویاندا، گفتوگۆیەکی بنیاتنەرمان لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی کرد. رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەینەوە، بە ئومێدەوە سەیری داهاتوو بکەین و پێکەوە بنیاتی بنێینەوە."
لە مانگی شوباتدا و دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، شەڕ لە ناوچەکە هەڵگیرسا. وەک وەڵامدانەوەیەک، تاران هێرشی کردە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، کە بەهۆیەوە ئیمارات زیانێکی زۆری بەرکەوت.
لە کاردانەوەی ئەم رووداوانەدا، ئیمارات لە مانگی ئابدا بڕیاریدابوو سەرجەم مامەڵە بازرگانی و داراییەکانی لەگەڵ ئێران رابگرێت.
شاری دوبەی لە ئیمارات بە شادەماری ئابووریی ئێران دادەنرێت؛ کۆمەڵگەیەکی گەورەی ئێرانی لێ نیشتەجێن و زۆربەی بازرگانی و مامەڵە داراییەکانی تاران لە رێگەی ئەو شارەوە دەکرێن، بەتایبەت لە کاتێکدا ئێران لەژێر گەمارۆ و سزای تووندی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوادایە و زۆر پێویستی بەم دەروازە بازرگانییەیە.

