رووداو دیجیتاڵ
سعودیە رۆژی سێشەممە هۆشداریی دا کە "بە تووندی" وەڵامی حووسییەکانی یەمەن دەداتەوە، ئەوەش دوای زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی بالیستی و درۆنی ئەو گرووپەی سەر بە ئێران کە بووە هۆی برینداربوونی 13 هاووڵاتیی سڤیل لە باشووری وڵاتەکە.
لەوەتەی جەنگی ناوخۆی یەمەن لە مانگی تەممووزدا جارێکی دیکە هەڵگیرساوەتەوە، حووسییەکان کەوتوونەتە شەڕێکی نوێوە لەگەڵ هێزەکانی حکومەت کە لەلایەن سعودیەوە پشتگیری دەکرێن؛ لەو کاتەشەوە گرووپەکە گەمارۆی دەریایی بەسەر ریازدا سەپاندووە و کەشتییەکانی لە دەریای سوور دەکاتە ئامانج.
هەفتەی رابردووش، حووسییەکان کۆنترۆڵی تەواوی کەناراوەکانی دەریای سوور و تەنگەی بابولمەندەبیان کرد، کە لە کاتی داخرانی تەنگەی هورمز بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە، بایەخێکی چارەنووسسازی پەیدا کردووە؛ ئەمەش گورزێکی گەورە بوو لە هێزەکانی حکومەتی یەمەن درا.
حووسییەکان هەروەها ژێرخانی نەوتی سعودیەی کردووەتە ئامانج کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاوە لە جیهان دا، ئەمەش نرخی نەوتی لە بازاڕەکاندا بۆ سەرووی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزکردەوە.
هێرش بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی شا خالید و برینداربوونی 13 کەس
بە گوێرەی دوو سەرچاوەی سەربازی، رۆژی دووشەممە لە ئەنجامی هێرشێکی حووسییەکان لە رۆژئاوای یەمەن، 8 سەربازی هێزەکانی حکومەت کوژران. لە هەمان کاتدا، حووسییەکان بەرپرسیارێتیی هێرشێکی نوێی "بەرفراوان"ـیان بە بەکارهێنانی "دەیان مووشەکی بالیستی و درۆن" بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی شا خالید لە خەمیس موشەیت لە باشووری سعودیە لە ئەستۆ گرت.
دانیشتووییەکی شاری خەمیس موشەیت بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت کە گوێبیستی "تەقینەوەی زۆر بەهێز" بووە و ئاگرەکە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بووە، و گوتیشی: "بە راستی نەمانتوانی هیچ بخەوین."
هاوپەیمانێتیی بە سەرۆکایەتیی سعودیە رۆژی سێشەممە پشتڕاستیکردەوە کە رۆژی پێشتر هێرشی مووشەکی و درۆنی کراوەتە سەر شارەکانی خەمیس موشەیت، ئەبها و تائیف، و برینداربوونی 13 هاووڵاتیی سڤیلی راگەیاند. بە گوێرەی ئامارەکانی حووسییەکان، سعوودیە بە زیاتر لە 50 هێرشی ئاسمانی وەڵامی داوەتەوە.
هاوپەیمانێتیی سعوودیە رایگەیاند کە "بۆ پاراستنی سەروەریی شانشینەکە بە تووندی رووبەڕووی ئەم هێرشانە دەبێتەوە" و "هەموو رێکارە ئۆپەراسیۆنییە پێویستەکان دەگرێتەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم رێبازە دوژمنکارانە و توندڕەوە." لە بەرامبەردا، حازم ئەسەد لە مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان گوتی: "وەڵامدانەوەی یەمەن بەردەوام دەبێت و پەرەدەستێنێت تا ئەو کاتەی ئەوان (سعودیە) لە دەستدرێژییەکانیان دژی گەلەکەمان بەردەوام بن."
لە کاژێرەکانی سەرەتای رۆژی سێشەممەدا، بەرگریی شارستانیی سعودیە لە شەش ناوچە زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لێدا، پێش ئەوەی دواتر بێدەنگیان بکات.
لێدوانەکانی ترەمپ و مەرجەکانی ئێران
سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە یەمەن لە کاتێکدایە کە جەنگە هەرێمییە فراوانەکە لە چەقبەستووییدا ماوەتەوە؛ بەڵام دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە ئامادەیە گفتووگۆ لەگەڵ ئێران بکات. ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) نووسی: "نەتەوە شکستخواردووەکەی ئێران بە پەلە و زۆر دەیەوێت رێککەوتن بکات. من دیاری دەکەم ئایا ئەمریکا بڕیاری بەشداریکردن دەدات یان نا، هەرچەندە ئێمە بۆ بیرۆکەکە کراوەین."
لە بەرامبەردا، موحسین رەزایی، بەرپرسی باڵای ئەمنیی ئێران لە تۆڕی ئێکس نووسی: "هیچ دانوستاندنێک ناکرێت تاوەکو مەرجەکانی ئێران جێبەجێ نەکرێن؛ تەنیا ئەوەندەیە."
کۆبوونەوەیەکی پێشنیازکراوی نێوان وڵاتانی کەنداو و ئێران لەسەر داهاتووی تەنگەی هورمز رۆژی دووشەممە دواخرا و تاران ریازی تۆمەتبار کرد بەوەی یەمەنی وەک "بیانوو" بۆ دواخستنی گفتوگۆکان بەکارهێناوە.
ئێران کە مێژووییەکی درێژی لە پشتگیریکردنی حووسییەکان بە چەک و تەکنەلۆژیا هەیە وەک بەشێک لە "میحوەری بەرگری"، دەستوەردان لە پەرەسەندنە نوێیەکان رەتدەکاتەوە. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێران دەستوەردان لە کاروباری یەمەندا ناکات"، و ئاماژەی بەوە کرد کە حووسییەکان "لایەنی تەواو سەربەخۆن و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان بڕیار دەدەن."
بڕیارە رۆژی سێشەممە شازادە محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر گفتوگۆ ئەنجام بدات. میدیاکانی ئەمریکاش هەفتەی رابردوو بڵاویانکردەوە کە ترەمپ داواکارییەکی تایبەتی شازادەی جێنشینی سعودیەی بۆ دەستوەردان لە جەنگەکەدا رەتکردووەتەوە.
ئاوارەبوونی نزیکەی 94 هەزار کەس
رۆژی یەکشەممە هێزەکانی حکومەتی یەمەن رایانگەیاند کە چەند پێگەیەکیان لە پارێزگای تەعیز لە باشووری رۆژئاوا لە دەستی چەکدارانی حووسی دەرهێناوەتەوە و بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی (سەبا)یان گوتووە کە لانی کەم 10 چەکداریان کوشتووە.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سعودیە (سپا) بڵاویکردەوە، شازادەی جێنشینی سعودیە رۆژی دووشەممە لە جەدە پێشوازیی لە دەریاوان براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم کردووە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە. بەپێی ماڵپەڕی هەواڵیی (ئەکسیۆس)، فەرماندەکەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە بۆ کۆبوونەوەی هەماهەنگیی بەپەلە گەیشتبووە سعودیە.
حووسییەکان لە ساڵی 2014دا لە دەستپێکی جەنگی ناوخۆدا سەنعای پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و حکومەتیان بەرەو عەدەن لە باشوور وەدەرنا. ساڵی دواتر، سعودیە سەرکردایەتیی هاوپەیمانێتییەکی کرد بۆ پشتگیریکردنی حکومەت و زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی دەستپێکرد، کە ململانێکەی گۆڕی بۆ یەکێک لە خراپترین کارەساتە مرۆییەکانی جیهان.
ئاژانسی کۆچی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (ئای ئۆ ئێم) رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە بەهۆی سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە هەژارترین وڵاتی عەرەبیدا، 93,864 کەس ناچارکراون ماڵەکانیان جێبهێڵن.

