رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتیی سعودیە رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سعودیە درۆنێکیان تێکشکاندووە کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە ئاراستەی شاری مەککە کرابوو. لە بەرامبەردا، حووسییەکان ئەو هەواڵە رەتدەکەنەوە و بە "درۆ" وەسفی دەکەن.
بەیانیی رۆژی چوارشەممە 16-09-2026 تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سعودیە درۆنێکی دووژمنکارانەیان تێکشکاند کە لەلایەن میلیشیا تیرۆریستییەکانی حووسییەوە هەڵدرابوو." ئاماژەی بەوەش کرد، درۆنەکە لە باشووری شاری مەککە و رێک پێش ئەوەی بچێتە ناو ئاسمانی شارەکەوە، خراوەتە خوارەوە.
مالیکی گوتی، "ئاسایشی هەردوو حەرەمی پیرۆز و میوانانی خودا هێڵی سوورە" و روونیکردەوە، ئەمە دووەمین هەوڵی حووسییەکانە بۆ بەئامانجگرتنی مەککە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2017ـدا هەوڵیان دابوو بە مووشەک هێرش بکەنە سەر شارەکە. هەروەها هۆشداری دا، هاوپەیمانییەکە لە گرتنەبەری رێکاری تووند و بەرپەرچدەرەوە بەرامبەر ئەو رەفتارە دووژمنکارانەیە سڵ ناکاتەوە.
لە وەڵامی ئەو راگەیێندراوەدا، حازم ئەسەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان راپۆرتەکەی سعودیەی رەتکردەوە. ئەسەد لە ئێکس نووسی: "ئەو بانگەشانەی باس لە بەئامانجگرتنی مەککەی پیرۆز دەکەن، درۆیەکە کە پێشتریش بەکارهاتووە و چیدی کەس پێی هەڵناخەڵەتێت."
لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی (OIC) هاتە سەر هێڵ و راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. ئەمینداریێتیی گشتیی رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو "هێرشە قێزەونانە" دەکەن کە لەلایەن حووسییەکانەوە کراونەتە سەر شاری مەککە و ناوچەی مەدینە، هاوکات سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشەکانی ئەو گرووپەشی کرد بۆ سەر شانشینی سعودیە.

