رووداو دجیتاڵ
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2022ـی دوای مەرگی ژینا ئەمینیدا کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی سەتان کەس، تاوانی دژی مرۆڤایەتییان کردووە؛ هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی ئەمساڵ هەمان شێوازی هەبووە، بەڵام بە قەبارەیەکی زۆر فراوانتر.
لە راپۆرتێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر ئەو ناڕەزایەتییانەدا، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوە کردووە، مامەڵەی حکومەتی ئێران لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 گەیشتووەتە ئاستی "تاوانی دژی مرۆڤایەتی"، لەوانەش: کوشتن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیی سێکسی و بێسەروشوێنکردن. رێکخراوەکە هۆشداریشی داوە کە رێکار و دەستوەردانی دەسەڵاتداران لە سەرەتای ئەمساڵدا "لە ئاستێکی هێندەی دیکە خوێناویتر و شۆکهێنەرتردا بوون."
ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەی کە بنکەکەی لە لەندەنە، ناوی 87 بەرپرسی ئێرانی هێناوە، کە شەشیان دواتر لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژران و رێکخراوەکە پێیوایە لە زنجیرەی فەرماندەییدا بەرپرسیار بوون و دەبێت رووبەڕووی دادگەی نێودەوڵەتی بکرێنەوە.
ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی 2022 بە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ناسرا، لە ئەیلوولی 2022 سەریهەڵدا، ئەوەش دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی دەستبەسەربوونیدا بە تۆمەتی پێشێلکردنی رێساکانی باڵاپۆشی.
ئەو ناڕەزایەتییانە گەورەترین خۆپێشاندان بوون لە مێژووی نوێی ئێراندا، تاوەکو ئەو کاتەی لە سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی گرانیی بژێوی ژیانەوە خۆپێشاندانی بەرفراوان بەرپابوون، کە لە شەوانی 8 و 9ـی کانوونی دووەمدا گەیشتنە لووتکە.
راپۆرتە هەزار لاپەڕەییەکەی ئەمنستی تیشکی خستووەتە سەر خۆپێشاندانەکانی 2022، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە مامەڵەی حکومەتی ئێران لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2026 بە هەمان رێگەدا رۆیشتووە و زۆریش تووندتر بووە.
ئانیێس کالامار، ئەمینداری گشتیی لێبوردنی نێودەوڵەتی گوتی: "ئەو بەڵگە بەرفراوانانەی لە راپۆرتەکەماندا کۆکراونەتەوە و شیکارییان بۆ کراوە، هیچ گومانێک ناهێڵنەوە؛ دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی'ـی ساڵی 2022، تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە."
ئەمنستی داوای لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد "میکانیزمێکی دادوەریی تاوانکاریی نێودەوڵەتی پێکبهێنێت بە ئامانجی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە زۆرترین رۆڵیان لەم پێشێلکارییانەدا هەبووە."
"کوشتنی نایاسایی"
ئەو 87 بەرپرسەی ناویان لە راپۆرتەکەدا هاتووە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشوو و سەرکردە باڵاکانی سوپای پاسداران لەخۆدەگرێت کە ئەمساڵ لە جەنگدا کوژران. بەڵام کەسانی دیکەش، لەوانە ئەحمەد وەحیدی، کە ئەو کات وەزیری ناوخۆ بوو و ئێستا فەرماندەی سوپای پاسدارانە، هێشتا لە ژیاندان.
ئەمنستی لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "هێزە ئەمنییەکان لە سەرکوتکارییەکانی نێوان ئەیلوول تاوەکو کانوونی یەکەمی 2022دا، بە شێوەیەکی نایاسایی سەتان خۆپێشاندەر و هاووڵاتیی سڤیلیان کوشتووە، لەنێویاندا دەیان منداڵ."
رێکخراوەکە دەشڵێت: "هەزارانی دیکەیان رووبەڕووی دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، زیندانیکردنی بێ پەیوەندی، بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان یان مامەڵەی خراپ کردووەتەوە؛ هەروەها دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژیی سێکسیی دیکەیان بەرامبەر بەشێک لە دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانەکان کردووە."
لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، توانیویەتی ناسنامەی 377 خۆپێشاندەر و هاووڵاتیی سڤیل پشتڕاست بکاتەوە کە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی 2022دا گیانیان لەدەستداوە، لەوانەش 56 منداڵ؛ کە لانیکەم 326 کەسیان راستەوخۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، بەتایبەت بە تەقاندنی فیشەکی ساچمەیی لە مەودای نزیکەوە.
"کۆمەڵکوژیی بێوێنە"
یەکێک لە کوژراوانی نێو راپۆرتەکەی ئەمنستی، مینۆ مەجیدیی تەمەن 62 ساڵە، کە لە کاتی خۆپێشاندان لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەیلوولی 2022 بە فیشەکی ساچمەیی پێکرا و گیانی لەدەستدا.
مەهسا پیرایی، کچی مینۆ مەجیدی کە لە دەرەوەی ئێران دەژی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "دایکم لەسەر شەقام کوژرا. ئەو لە پێناو گۆڕانکاریدا چووبووە سەر شەقام، بۆ ئەوەی هاواری 'ئازادی' بکات."
کچەکەی دەشڵێت: "جیهان وا دەزانێت ناڕەزایەتییەکان تەنیا بۆ ئازادیی ژنان بوون. بەڵێ وابوو، بەڵام هاوکات بۆ ئازادیی هەموو خەڵک و بۆ مافی ژیانیش بوو."
لێبوردنی نێودەوڵەتی مامەڵەی ئەمساڵی حکومەتی ئێرانی بە "کۆمەڵکوژییەکی بێوێنەی هەزاران خۆپێشاندەر و هاووڵاتیی سڤیل" ناو بردووە، کە "هەڵگری هەمان تایبەتمەندیی ئەو تاوانانەی دژی مرۆڤایەتین کە لەم راپۆرتەدا بە بەڵگەوە خراونە تەڕوو، بەڵام لە ئاستێکی هێندەی دیکە خوێناویتر و شۆکهێنەرتردا."
مەهسا پیرایی بە ئاماژەدان بەو دەیان کەسەی کە لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمدا دەستگیرکراون و لە مەترسیی لەسێدارەداندان، گوتی: "هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، بەشێکی بۆ دایکمە، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ بەهاناوەچوونی ئەو خەڵکە زۆرەشە کە هێشتا لە مەترسیدان."
لە نێو ئەو کەسانەدا عەلی زارعی هەیە، کە لە ناڕەزایەتییەکانی 2022دا چاوێکی لەدەستدا و دواتر پەنای بردە بەر ئەڵمانیا، بەڵام ئەمساڵ گەڕایەوە ئێران و دەستگیرکرا، دواتریش سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا. مەهسا پیرایی دەڵێت: "پێویستە بە دەنگی بەرز ناوی ئەوان بڵێینەوە."

