رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان "نائومێدی و پەژارەی قووڵی خۆی" نیشاندا دوای ئەوەی ئەمریکا بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک رەتیکردەوە ڤیزای وڵاتەکەى بە مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتداریەتی فەلەستین بدات بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێدانی ڤیزای بە مەحموود عەباس و بەرپرسانی فەلەستینی بۆ کۆبوونەوەکانی هەفتەی داهاتووی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەتکردووەتەوە، تەنیا رێگە بە ئەندامانی نێردەی هەمیشەیی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەدرێت ئامادەی کۆبوونەوەکان بن، کە بڕیارە رۆژی سێشەممە 22ى ئەیلوول دەستپێبکات.
ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، گۆتێرێس نیگەرانە لە کاریگەریی ئەم بڕیارە لەسەر توانای فەلەستین بۆ بەشداریکردنی تەواوەتی لە کارەکانی رێکخراوەکەدا، چونکە بەشداریی هەموو شاندەکان مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان بە شێوەیەکی دروست. هەروەها داوای لە واشنتن کرد، وەک وڵاتی میوانداری رێکخراوەکە پابەندی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی بێت و ڤیزا بۆ سەرجەم شاندەکان دەستەبەر بکات.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ساڵی رابردووش هەمان بڕیاری دابوو، ئەمەش وایکرد عەباس لە رێگەی پەخشی ڤیدیۆییەوە گوتار پێشکێش بکات؛ بۆ ئەم ساڵیش کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگی 152 دەوڵەت بەرامبەر 3 دەنگ بڕیاری دا کە عەباس جارێکی دیکە بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا بکات.
واشنتن هۆکاری رەتکردنەوەی ڤیزاکەی گەڕاندووەتەوە بۆ بەردەوامیی پاڵپشتییە داراییەکانی دەسەڵاتداریەتیی فەلەستین بۆ خێزانی گیراوان و کوژراوان. لە ساڵانی رابردوودا حکومەتی فەلەستین مانگانە مووچە یان هاوکاریی دارایی دەدا بە خێزانی ئەو فەلەستینییانەی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان یان لە پێکدادانەکاندا کوژراون (بەوانەشەوە کە هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیلییەکان). کۆنگرێسی ئەمریکا تەنانەت یاسایەکی تایبەتی بۆ ئەمە دەرکردووە (یاسای تایلۆر فۆرس)، کە هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ فەلەستین دەبەستێتەوە بە راگرتنی ئەم مووچانە.
فەلەستین بۆ ئەوەی ئەم گوشارە نێودەوڵەتییە کەم بکاتەوە، شێوازی دابەشکردنەکەی گۆڕی؛ لەبری ئەوەی پارەکە لەسەر بنەمای "چەند ساڵ حوکمدراوە" یان "سەر بە چ لایەنێکی سیاسییە" بدرێت، خستیە چوارچێوەی "چاودێریی کۆمەڵایەتی" (وەک مووچەی چاودێری بۆ خێزانی هەژار)، واتە هاوکارییەکە دەدرێت بەو خێزانانەی بێ سەرپەرشت و هەژارن؛ بەڵام واشنتن هێشتا ئەم گۆڕانکارییەشی پێ قبووڵ نییە.
هەروەها ئەمریکا ناڕازییە لە هەوڵەکانی فەلەستین بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کێشەى فەلەستین لە رێگەی پەنابردن بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دادگای دادی نێودەوڵەتی.
ئەم ناکۆکییە لە کاتێکدایە کە تووندوتیژییەکانی سوپای ئیسرائیل و کۆمەڵگە جوونشینەکان لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین بە شێوەیەکی بێپێشینە زیادیان کردووە. بەپێی ئامارە پزیشکییەکان، لەدوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، لانیکەم 1,109 فەلەستینی لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون، هاوکات لە کەرتی غەززەش بەهۆی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی کوژراوان 73 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.



