رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە سەرکردەکانی حیزبی لیکودی راگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک بەنیاز نییە واز لە سیاسەت بهێنێت، تەنانەت ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووشدا شکست بهێنێت.
نەتەنیاهوو وێڕای دەربڕینی متمانەی بە سەرکەوتن، رایگەیاندووە، لە ئەگەری دۆڕانیشدا سەرکردایەتیی ئۆپۆزیسیۆن دەگرێتە ئەستۆ و کار بۆ رووخاندنی خێرای حکومەتی نوێ دەکات بە هەمان ئەو شێوازەی لە خولەکانی پێشوودا کردی؛ بەمەش دەرگای بەڕووی ئەو سەرکردانەی حیزبەکەیدا داخست کە چاویان لە جێگرتنەوەیەتی.
ئەم لێدوانانەی نەتانیاهوو لە کاتێکدایە، راپرسییە نوێیەکان لە ئیسرائیل ئاماژە بە دابەزینی بەرچاوی پێگەی جەماوەریی حیزبی لیکود دەکەن؛ بەپێی دوایین راپرسیی هەفتانەی رۆژنامەی (مەعاریف)، لیکود لە کۆی 36 کورسیی ئێستای پەرلەمان، تەنیا 18 کورسی بەدەستدەهێنێت. هەروەها 48%ی بەشداربووان گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشوویان بە شیاوتر زانیوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە بەرامبەر 40% بۆ نەتەنیاهوو.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی تووندی داوەتە نەیارە ناوخۆییەکانی لەنێو لیکود و ئاماژەی بەوە کردووە، دەزانێت چۆن رووبەڕووی یاخیبوونە ناوخۆییەکان ببێتەوە. سەرەڕای پاشەکشەی تووندی لیکود، هاوپەیمانیی راستڕۆکان لەسەر ئاستی 50 کورسی جێگیر ماوەتەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی دەنگەکانی حیزبی (شەعبەک ئیسرائیل) بە سەرۆکایەتیی عۆفەر فینتەر و حیزبی (زایۆنیزمی ئاینی) بە سەرۆکایەتیی بێتسالیل سمۆتریچ، کە پێشبینی دەکرێت 6 کورسی مسۆگەر بکات.
لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنیشدا، دابەشبوون و پاشەکشەی دەنگەکان دەبیندرێت؛ حیزبی (یەشار) بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت لە 25 کورسییەوە بۆ 23 کورسی دابەزیوە، هاوکات هاوپەیمانیی نەفتالی بێنێت و یائیر لاپید بۆ 13 کورسی و پارتی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتیی یائیر گۆلان بۆ 9 کورسی پاشەکشەیان کردووە.
لە بەرامبەردا، پارتی یەدەگەکان بە سەرۆکایەتیی یۆعاز هێندل کورسییەکانی بەرزکردووەتەوە کە هێشتا خۆی وەک بەشێکی یەکلاکەرەوەی ئۆپۆزیسیۆن نیشان نەداوە و ئەگەری هەیە بچێتە پاڵ نەتەنیاهوو.
گەورەترین نیگەرانیی سەرۆکوەزیرانی ئێستا ئەوەیە، پارتی یەدەگەکان لەگەڵ ئایزنکۆت هاوپەیمانی ببەستێت و بە هاوکاریی دەنگی 12 پەرلەمانتاری عەرەب حکومەتێکی کەمینە لە دژی پێکبهێنن.
لە ناوەڕۆکی ئەم بنبەستە سیاسییەدا، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاندووە، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان دووبارە نەبنەوە. بەپێی زانیاریی سەرچاوە نزیکەکان، لە ئەگەری یەکسانبوونی دەنگەکاندا، هێرزۆگ پێشنیازی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی لەنێوان نەتەنیاهوو و ئایزنکۆت دەکات بە جۆرێک پۆستی سەرۆکایەتیی حکومەت لەنێوانیاندا دابەش بکرێت، لە بەرامبەر رێککەوتنێک کە کۆتایی بە دادگاییکردنی نەتانیاهوو بە تۆمەتی گەندەڵی بهێنێت.



