رووداو دیجیتاڵ
دووکەڵێکی رەش و ئاگر لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (شا خالید) لە شاری ریازی پایتەختی سعودیە بەرزبووەوە؛ ئەمەش بووە هۆی راگیران و دواکەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان.
ئەمڕۆ شەممە 19-9-2026، دانیشتووانی شاری ریاز بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوت، دەنگی چەندین تەقینەوەیان بیستووە و لە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارەکەوە دووکەڵی چڕ و ئاگر دەبینرێ.
ئەم پێشهاتە ئەمنییە دوای ئەوە هات کە دەسەڵاتدارانی سعودیە شەوی رابردوو نزیک بەرەبەیان زەنگی هۆشداریی هێرشی ئاسمانییان لە پایتەخت لێدا، کە یەکەمین جارە لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕی یەمەن لەم مانگەدا رووبدات.
پەککەوتنی گەشتەکان
ماڵپەڕی (فلایت رادار 24) کە تایبەتە بە چاودێریی گەشتە ئاسمانییەکان بڵاویکردەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (شا خالید) لە ریاز رووبەڕووی کێشەی گەورە بووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە گەشتەکان هەڵوەشێنراونەتەوە یان دواکەوتوون.
ماڵپەڕەکە فڕۆکەخانەکەی خستووەتە ژێر بەرزترین ئاستی پەککەوتن بە پێنوێنی 5.0، کە ئاماژەیە بۆ دروستبوونی گرفتێکی گەورە لە هاتووچۆی فڕۆکەکاندا.
دەنگی تەقینەوەی دووبارە لە پایتەخت
هاووڵاتییەکی دانیشتووی ریاز بە فرانس پرێسی گوت: "لە ئاراستەی فڕۆکەخانەوە دووکەڵی رەش و ئاگرمان بینی."
چەند کاژێرێک دوای لێدانی زەنگی هۆشداری، چەند هاووڵاتییەکی دیکەی شارەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە جارێکی دیکە دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز لە بەشە جیاوازەکانی پایتەختدا دەنگیداوەتەوە.
پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس لە شاری ریاز باسی لەوە کرد، سەرچاوەی ئاگر و دووکەڵەکە کۆگەیەکی سووتەمەنیی سەر بە کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ بووە.
ئەم دۆخە نائاساییەی پایتەختی سعودیە لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا بەهۆی شەڕی یەمەنەوە گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار.
لە چەند رۆژی پێشوودا و رۆژی هەینی 11ی ئەیلوولی 2026، گرووپی حووسییەکان کەناراوەکانی دەریای سوور-یان کۆنترۆڵکرد و بۆرییەکی نەوتی سەرەکیی سعودیەش بە درۆن پێکرا کە سعودیە دەڵێ، هێرشەکە لەخاکی عێراقەوە بووە، ئەمەش وایکرد سعودیە سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە دەوروبەری پایتەخت و ناوچە هەستیارەکاندا بخاتە ئامادەیی تووندەوە.

