رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە گەشتکردنی فەرمانبەرانی حکومەتی ئەمریکای بۆ هەردوو شاری تائیف و یەنبەع لە سعودیە سنووردار کرد؛ ئەوەش بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، لە کاتێکدا ئەو شانشینە رووبەڕووی هێرشەکانی حووسییەکانی یەمەن دەبێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "بەهۆی بەردەوامیی دۆخی ئەمنی لە سعودیە، لەمەودوا ئەو فەرمانبەرانەی حکومەتی ئەمریکا کە لە سعودیە کار دەکەن، بۆ سەرجەم گەشتە فەرمی و کەسییەکانیان بۆ هەردوو شاری تائیف و یەنبەع، پێویستیان بە مۆڵەتی تایبەت دەبێت."
هەر ئەمڕۆ ئەمریکا هۆشداریی دا لەوەی کە شەڕی نێوان سعودیە و چەکدارانی حووسیی سەر بە ئێران دەکرێت "بە خێرایی تەشەنە بسێنێت"، دوای ئەوەی مووشەکێک لە یەمەنەوە ئاراستەی ریازی پایتەختی سعودیە کرا.
بەهۆی ئەم بارودۆخەوە، دۆناڵد ترەمپ پشووی کۆتایی هەفتەی لە کەمپ دەیڤد بەجێهێشت و بە پەلە گەڕایەوە کۆشکی سپی.
لە ریاز چی روویدا؟
رۆژی شەممە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە پایتەختی سعودیە بیسترا و کۆگایەکی سووتەمەنیی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز ئاگری گرت.
هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە رایگەیاند کە مووشەکێکی بالیستیکی حووسییەکانیان تێکشکاندووە و رێگرییان کردووە لەوەی زیان بە هاووڵاتییانی سڤیل و ژێرخانی سڤیل بگات.
لە بەرامبەردا، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند، بە مووشەکی بالیستی، مووشەکی کرووز و بە ژمارەیەکی زۆر درۆن هێرشیان کردووەتە سەر چەند شوێنێکی هەستیار لە ریاز، هەروەها دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە شاری یەنبەع.
مەترسی بۆ سەر نەوتی جیهان لە تەنگەی بابولمەندەب
لە چەند هەفتەی رابردوودا، چەکدارانی حووسی لە هێرشێکی خێرادا تەواوی کەناراوەکانی دەریای سووریان لە یەمەن کۆنترۆڵکردووە، ئەمەش وایکردووە تەنگەی ستراتیژیی بابولمەندەب بکەوێتە ژێر دەستیان؛ بەمەش هەناردەی نەوتی سعودیە تووشی ئاستەنگی بووە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ئێران پێشتریش گەمارۆی خستبووە سەر تەنگەی هورمز.
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕی ئەم دواییە بووەتە هۆی کوژرانی سەتان کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 110 هەزار هاووڵاتی لە یەمەن.
هەڵوێستی وڵاتان
ئەمریکا: نایەوێت راستەوخۆ دەستێوەردان بکات؛ بەپێی هەواڵەکان، واشنتن داواکارییەکی سعودیەی بۆ لێدانی چەکدارانی حووسی رەتکردووەتەوە و ترەمپیش گوتوویەتی کە حووسییەکان بەڵێنیان داوە هێرش نەکەنە سەر کەشتی و بنکەکانی ئەمریکا.
تورکیا: هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ سعودیە و پاکستان لە گفتوگۆدان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکان، بەتایبەت لە بوارە تەکنەلۆجییەکاندا، تاوەکو پێشکێش بە ریازی بکەن بۆ خۆپاراستن.
میسر: بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) سەردانی قاهیرەی کرد تاوەکو لەگەڵ سەرۆککۆماری میسر رێگەیەک بۆ پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە تەنگەی بابولمەندەب بدۆزنەوە.
بۆچی ئەم هێرشە گرنگ و مەترسیدارە؟
شارەزایانی سەربازی دەڵێن، لێدانی ریازی پایتەخت هێڵێکی سووری بەزاندووە؛ چونکە سعودیە دەتوانێت دان بەخۆیدا بگرێت ئەگەر لە ناوچە بیابانی و دوورەکاندا هێرش بکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکان، بەڵام کاتێک مووشەک دەگاتە فڕۆکەخانە و ناوچە قەرەباڵخەکانی پایتەخت، بۆ حکومەتی سعودیە زۆر قورس دەبێت بێدەنگ بێت و بەمەش ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی زۆر گەورەتر لە ناوچەکەدا دێتە ئاراوە.



