رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی پاکستان زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر چەندین ناوچەی ئەفغانستان کرد، لەنێویاندا شاری قەندەهار. ئەم هێرشانە دوای ئەوە هاتن کە پاکستان رایگەیاند، هێرشێکی فراوانی درۆنی کە لە خاکی ئەفغانستانەوە ئاراستە کرابوو، پووچەڵ کردووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 24ی ئەیلوولی 2026، عەتاوڵڵا تارەر، وەزیری راگەیاندنی پاکستان پشتڕاستی کردەوە کە، سوپای وڵاتەکەی 10 پێگەی لەنێو خاکی ئەفغانستان دا کردووەتە ئامانج کە بۆ هەڵدان و هەڵگرتنی درۆنەکان بەکارهێندراون. حکومەتی تاڵیبانیشی بەوە تۆمەتبار کرد کە لەبری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵگەی تیرۆریستان، رێگەی بە گرژکردنی دۆخەکە و دەستدرێژیکردنە سەر سەروەریی خاکی پاکستان داوە".
عەتاوڵڵا تارەر لە راگەیێندراوێکدا کە لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە بە تووندترین شێوە ناردنی درۆنەکانی لە 23ی ئەیلوول لە خاکی ئەفغانستانەوە بۆ نێو خاکی پاکستان سەرکۆنە کرد و گوتی: "سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاکستان سەرجەم درۆنەکانی دەستنیشان کرد، شوێنی هەڵگرتن و لەناوبران پێش ئەوەی بگەنە هیچ کام لە ئامانجەکانیان، بەوەش هەوڵی هێرشەکە بە تەواوەتی پووچەڵکرایەوە."
وەزیری راگەیاندنی پاکستان ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی وەک مافێکی سەروەری بۆ بەرگری لە خۆیان، "هێرشی ئاسمانی و درۆنیی وردی دژی 10 پێگە لە ئەفغانستان ئەنجامدا کە بۆ هەڵدان و کۆگاکردنی ئەم درۆنانە بەکاردەهاتن." تارەر گوتی، هێرشەکان "بەئەنقەست، ورد، پێوانەکراو و هاوسەنگ بوون و بە تەواوی سنووردار بوون بە ئامانجە سەربازییە دیاریکراوەکان کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە هەوڵی هێرشەکانی سەر پاکستانەوە هەبووە."
هاوکات لەگەڵ راگەیێندراوەکەی ئیسلامئاباد، دانیشتوویەکی شاری قەندەهاری باشووری ئەفغانستان بە ئاژانسی فڕانس پرێسی راگەیاند، دەنگی فڕۆکەی جەنگی و دواتر تەقینەوەیەکی گەورە و ئاگرکەوتنەوەیان لە نێوەندی شارەکەدا بیستووە و بینیووە.
بەرپرسانی خۆجێیی ئەفغانستانیش بە فڕانس پرێسیان راگەیاندووە، شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پاکستان هێرشی کردووەتە سەر دوو شوێن لە پارێزگاکانی رۆژهەڵات. محەممەد رەسوول ئەحمەدی، گوتەبێژی پارێزگاری پەکتیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان بارەگای فەیلەقی 203ی مەنسووری سوپای ئەفغانستانیان بۆردوومان کردووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە زیانەکان بدات.
ئەم پەرەسەندنانە چەند رۆژێک دوای بۆردوومانێکی کوشندەی هێزەکانی پاکستان بۆ سەر رۆژهەڵاتی ئەفغانستان دێن، کە بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان لانیکەم سێ هاووڵاتیی مەدەنی تێیدا کوژران، لە کاتێکدا پاکستان رایگەیاند، 28 چەکداری تێدا کوژراوە. پێشتریش، رۆژی هەینی لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە باکووری پاکستان لانیکەم 31 کەس کوژران کە گرووپێکی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ.
ململانێی سەربازیی نێوان هەردوو دراوسێکە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە پەرەی سەند و پایتەختی هەردوو وڵات و شارە گەورەکانی وەک قەندەهاری گرتەوە، کە لەو ماوەیەدا بەپێی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، سەدان مەدەنی کوژران. سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ئاداردا ئاگربەست راگەیێندرا، بەڵام هەوڵی نێوەندگیریی چەندین وڵات نەیتوانی کۆتایی بە گرژییەکان بەدیبهێنێت.
بە گوێرەی بەرپرسانی هەردوولا، خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکان پرسی ئەمنییە، بەتایبەت داواکاریی بەردەوامی ئیسلامئاباد لە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان بۆ کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی چەکدارانی تاڵیبانی پاکستان.
تارەر لەم بارەیەوە گوتی: "پاکستان ساڵانێکی زۆرە نیگەرانییە قووڵەکانی خۆی بە رژێمی تاڵیبانی ئەفغان و لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیاندووە سەبارەت بە بەردەوامیی بوونی پەناگەی تیرۆریستان و تۆڕەکانی پاڵپشتییان لەسەر خاکی ئەفغانستان. بەڵام لەبری هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆڕانە، رژێمی تاڵیبان هەڵکشانی دۆخەکەی لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی دووژمنکارانەی درۆنەوە هەڵبژارد." لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئەفغانستان ئەم تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، پاکستان داڵدەی "گرووپی نەیار دەدات و رێز لە سەروەریی خاکەکەیان ناگرێت".
وەزیری راگەیاندنی پاکستان لە پەیامێکدا هۆشداریی دا کە وڵاتەکەی دەستدرێژی قبووڵ ناکات و گوتی: "پاکستان بە هیچ شێوەیەک هێرشێک کە لە خاکی ئەفغانستانەوە بکرێت، جا لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە بێت یان لەلایەن خودی رژێمی تاڵیبانەوە، قبووڵ ناکات و رێگەی پێ نادات. هەر پێشێلکارییەکی سەروەریی پاکستان بە وەڵامێکی دەستبەجێ و یەکلاکەرەوە بەرپەرچ دەدرێتەوە."
تارەر لە درێژەی پەیامەکەیدا داوای لە تاڵیبان کرد کۆتایی بە هەموو "چالاکییە دووژمنکارانەکان" بهێنێت و گوتی: "پاکستان بەدوای زیادکردنی گرژییەکان ناگەڕێت و پابەندە بە ئاشتیی ناوچەیی، گفتوگۆ و پەیوەندیی بنیاتنەر. بەڵام نابێت ئەم پابەندبوونە وەک لاوازی یان بەرگەگرتنی بێسنوور بۆ کردەوەی دوژمنکارانە لێکبدرێتەوە. پاکستان بە تەواوی ئیرادەی خۆیەوە بەرگری لە سەروەری، یەکپارچەیی خاک و ژیانی هاووڵاتییانی دەکات و هەر کردارێکی دیکەی دنەدان لەلایەن تاڵیبانەوە، وەڵامێکی تووند و یەکلاکەرەوەمان بۆیان دەبێت".



