رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری سووریا دەڵێ، درک بە رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر دەکات، بەڵام جەختی کردەوە کە دەبێت جیهان چاوی لەسەر ئەو کارەساتە مرۆییەش بێت کە لە غەززە روو دەدات، کە تێیدا زیاتر لە 70 هەزار کەس کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
ئەحمەد شەرع، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ی ئەمریکایی، لەبارەی کێشەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل گوتی، "کێشەکە لای ئیسرائیلە نەوەکو سووریا، دەبێ ئیسرائیل سیاسەتی بگۆڕێ؛ چونکە بە گوتەی ئەو، تەلئەڤیڤ بە ناوی "پاراستنی ئاسایش"ـەوە تەنیا کێشەی زیاتر بۆ دەوروبەری خۆی دروست دەکات.
شەرع رەخنەی تووندی لە هێرشەکانی ئیسرائیل گرت و گوتی: "بۆچی دەبێت سووریا لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا بەردەوام بۆردوومان بکرێت، بە کۆشکی سەرۆکایەتی و فڕۆکەخانە سەربازییەکانەوە؟ جگە لەوەی دەستگیرکردنی خەڵک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ جیاوازی بەردەوامە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستیی غەززە ئاماری نوێی کوژراوانی لە راپۆرتی رۆژانەی خۆیدا بڵاوکردەوە، کە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا تەرمی پێنج کەس و 35 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان و بەمەش کۆی ژمارەی کوژراوەکان گەیشتە سەروو 70 هەزار کە 20 هەزار و 179 منداڵ و 12 هەزار و 500 ژن لەنێو کوژراواندا تۆمارکراون.
جەنگەکە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستی پێکرد دوای هێرشی حەماس و گرووپەکانی دیکە بۆ سەر باشووری ئیسرائیل. لەو هێرشەدا نزیکەی 1,200 کەس کوژران (زۆربەیان مەدەنی) و 251 کەس رفێندران. ئیسرائیل لە وەڵامدا هێرشی فراوانی دەستپێکرد و گوتی، ئامانجی سەرەکیی لەناوبردنی توانای سەربازی حەماس و رێگریکردن لە هێرشی هاوشێوەیە.
پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست
سەرەڕای ئەوەی لە 10ـی تشرینی یەکەمی پارەوە رێککەوتنی ئاگربەست چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە نەوەستاون.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەستەکەوە لە 11ـی تشرینی یەکەمی پار تاوەکو ئێستا، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە هەزار و 408 فەلەستینی کوژراون و 4 هەزار و 916 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئیسرائیل دەڵێ، هێرشەکانی دوای ئاگربەست وەڵامدانەوە بوون بۆ پێشێلکارییەکانی لایەنی بەرامبەر یان هەڕەشەی بەردەوام و چەند سەربازێکی خۆشی لەو ماوەیەدا کوژراون. هەردوو لایەن یەکتر بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.
راپۆرتی تێچووی ئاوەدانکردنەوە
کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (ئۆنکتاد) لە نوێترین راپۆرتیدا پێشبینی دەکات ئاوەدانکردنەوەی غەززە 71.5 ملیار دۆلاری تێبچێت؛ لەو بڕەش زیانەکانی ژێرخانی وڵاتەکە بە 35.2 ملیار دۆلار و زیانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیش بە 22.7 ملیار دۆلار مەزەندە کراون.
بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 90%ـی ژێرخانی وزە و خزمەتگوزاری، 82%ـی بیناکان، 74%ـی رێگەوبان و زیاتر لە 88%ـی دامەزراوەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە کەرتی غەززە زیانیان بەرکەوتووە یان بە تەواوی وێران بوون.
داڕمانی کەرتی تەندروستی و بێکاری
جەنگەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 1.9 بۆ 2 ملیۆن هاووڵاتی کە زۆربەیان لەنێو خێوەتگە و پەناگە کاتییەکاندا لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین.
هەروەها زیاتر لە نیوەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییە سەرەتاییەکان لەکارکەوتوون، بەهۆی وێرانبوونی سەرجەم سێکتەرە ئابوورییەکانەوە، رێژەی بێکاری لە کەرتی غەززە 90% زیاترە.



