رووداو دیجیتاڵ
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر رەتی دەکاتەوە وڵاتەکەی یان هەر وڵاتێکی دیکە باج بۆ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا بدات و هۆشداری دەدات کە ناسەقامگیریی رێڕەوە ئاوییەکان بووەتە کێشەیەکی جیهانی و گوشارێکی گەورەی لەسەر وڵاتانی کەنداو دروستکردووە.
رۆژی هەینی، 25ی ئەیلوولی 2026، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە گەمارۆکەی ئەمریکا لە تەنگەی هورمز کێی خستووەتە ژێر زۆرترین گوشارەوە بە میدیای ئەمریکای راگەیاند: "تەواوی جیهان و لەنێویاندا ئێرانیش لەژێر گوشاردان. تەواوی ناوچەکە بەهەمان شێوەی ئێران کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەوە"؛ گوتیشی، "گەمارۆکە بەڵێ، بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا گەمارۆیەکە بەسەر ئێمەی وڵاتانی کەنداو و بەتایبەت وڵاتەکەی منیشدا سەپاوە. ئێمە ناتوانین کەشتییەکانمان دەربکەین و دۆخەکە زۆر دژوار و پڕ لە ئاستەنگە."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، ئێران وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکان تەنگەی هورمزی داخست.
لە 14ـی تەممووزەوە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووەتەوە. بەگوێرەی نوێترین ئاماری سێنتکۆم، "تاوەکو 25ـی ئەیلوول، هێزەکانی سێنتکۆم رێڕەوی 122 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە تاوەکو دڵنیاببنەوە لە پابەندبوونی تەواوەتییان" بەو گەمارۆیەی کە بەسەر بەندەرەکانی ئێران دا سەپێندراوە.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان نائارامبوونی تەنگەی هورمزی بە "قبووڵنەکراو" ناوبرد و گوتی: "تەنگەکە هەمیشە رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی بووە و ئێستا ئەم بابەتە بووەتە پرسێکی جیهانی. پێویستە جیهان پێکەوە کۆببێتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، چونکە ئێستا وەک پرسێک لەم جەنگەدا بەکاردەهێندرێ کە ئەوەش قبووڵکراو نییە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پاراستنی گەلەکەیان و نەوەکانی داهاتوو، پێویستە کۆتایی بە دەستکاریکردن، باج وەرگرتن و هەڕەشەکردن لە رێڕەوە ئاوییەکان بهێندرێ.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا مەبەستی لە باج وەرگرتن و هەڕەشەکان، کردارەکانی ئێرانە، سەرۆکوەزیرانی قەتەر هەڵوێستی وڵاتەکەی روونکردەوە و گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی، هەر کەس و لایەنێک کە رێڕەوە ئاوییەکان بەکاربهێنێت بۆ گەمارۆدانی وڵاتان و پەکخستنی ئازادیی کەشتیوانی، ئەوە بە قبووڵنەکراو دادەنرێ. ئەمە وەک هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی هێز و چەوساندنەوە سەیر دەکرێ؛ ئێمە هەر گەمارۆیەک یان هەر باج وەرگرتنێک لەلایەن هەر وڵاتێک یان هەر لایەنێکەوە بێت، رەتی دەکەینەوە."
بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا ئاماژەیان بە وەرگرتنی باج بەرامبەر بە تێپەڕینی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا کردووە، هەریەکە و بە هۆکارێک. ئێران وەکو کرێی خزمەتگوزاری و ئەمریکاش بۆ دابینکردنی ئاسایش.
پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕی کە 20٪ی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بوو لە رۆژێکدا. بە گوێرەی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، لە دەستپێکی جەنگەوە رۆژانە کەمترلە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا هەناردەکراوە.

.jpg&w=3840&q=75)

