رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە دەڵێ، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە بەرپەرچی هێرشێکی درۆنی حووسییەکانیان داوەتەوە کە بەرەو ریازی پایتەخت ئاراستە کرابوون.
ئەمڕۆ شەممە هاوپەیمانییەکە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، "بەرگریی ئاسمانی توانی دوو درۆن کە لەلایەن میلیشیا تیرۆریستەکانی حووسییەکانەوە بەرەو ناوچەی ریاز هەڵدرابوون، لە ئاسماندا تێکبشکێنێت و لەنێویان ببات."
هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی مووشەکێکی بالیستیی حووسییەکانی لە ئاسمانی شاری خەمیس موشەیت لە باشووری رۆژئاوای سعودیە تێکشکاندووە. بنکەیەکی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانییەکە لە شارەکەدایە.
لە بەرامبەردا، حیزام ئەسەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان، رۆژی شەممە هەڕەشەی چڕکردنەوەی هێرشەکانی کرد و رایگەیاند، "هێزە چەکدارەکانمان تەنیا وەک مانۆڕ و مەشقێکی بچووک بۆ پێکدادانێکی سەرتاسەری و گشتگیر سەیری ئەم ئۆپەراسیۆنە دەکەن."
ئەم هێرشە درۆنی و مووشەکییە نوێیانە لە کاتێکدان، دوای شکستی ئاگربەستە چوار ساڵییەکەی نێوان هەردوولا لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵدا، شەڕی نێوان هاوپەیمانیی عەرەبی و چەکدارانی حووسییەکان گەیشتووەتە قۆناخێکی بێ پێشینە.
حووسییەکان هێرشەکانیان لە نێو یەمەنەوە فراوانتر کردووە و لە چەند رۆژی رابردوویشدا بە شەپۆلێکی مووشەکی بالیستی ناوچەکانی تائیف، بەندەری ستراتیژیی یەنبوع و دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆیان کردوەتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەیشەوە، دوای دروستکردنی ئاستەنگ لە تەنگەى هورمز لەلایەن ئێرانەوە، سعودیە پشتی بە دەریای سوور بەست بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو، بەڵام حووسییەکان بە کۆنترۆڵکردنی بەندەری موخا و کەناراوەکانی دەریای سوور، گەمارۆیەکی دەریایی تووندیان بەسەر هاتووچۆی کەشتییە نەوتییەکانی سعودیەدا سەپاندووە لە بابولمەندەب.

.jpg&w=3840&q=75)

