رووداو دیجیتاڵ
داتاکانی کەشتیوانی دەریدەخەن کە لە مانگی ئەیلوولدا بڕی گازی سرووشتیی شلکراو کە بە تەنگەی هورمزدا گوێزراوەتەوە، گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی مانگانە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای شیكاریی گواستنەوەی دەریایی کیپلەر، مانگی ئەیلوول 21 کەشتیی پڕ لە گازی شلکراو بە تەنگەکەدا تێپەڕیوون.
بەپێی داتای کیپلەر، لە 25ی ئەیلوولەوە بۆ 1ی تشرینی یەکەم، سێ کەشتی گازی شلی قەتەری کە لە بەندەری رەئس لەفانـەوە بەڕێکەوتبوون، تەنگەی هورمزیان تێپەڕاندووە. دیار نییە کەشتییەکانی دیکە کەشتیی کام وڵات بوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە سەردەمی پێش جەنگدا، رۆژانە سێ باری گازی شل بە تەنگەی هورمزدا دەردەچوو.
زۆربەی کەشتییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە هورمزدا سیستمی شوێنپێهەڵگرتنی ئەلیکترۆنی دەکوژێننەوە، ئەمەش وا دەکات بەدواداچوون بۆیان ئەستەم بێت و ژمارەی کەشتییە تێپەڕیووەکان بە وردی نەزانرێ.
لە کاتێکدا نەوتی خاو رۆژانە بە ملیۆنان بەرمیل بە تەنگەی هورمزدا دەگوازرێتەوە و هەناردە دەکرێ، کەشتییەکانی گازی شل زۆر بە زەحمەت دەتوانن بەم تەنگەیەدا تێپەڕن، بەو پێیەی گواستنەوە و داگرتنی گاز لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە زۆر لە نەوت ئاڵۆزترە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، هەناردەی نەوت لە تەنگەی هورمزەوە زیادی کردووە.

