رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی داواکاری گشتیی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، یاریدەدەری فڕۆکەوانەکەی فلای دووبەی هەوڵی "کردەوەیەکی تیرۆریستی" داوە؛ دەشڵێت، یاریدەدەرەکە ویستوویەتی فڕۆکەکە کۆنترۆڵ بکات.
رۆژی شەممە، 3ی تشرینی یەکەمی 2026، فەرمانگەی داواکاری گشتیی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "یاریدەدەری فڕۆکەوانەکەی فلای دووبەی هەوڵی کردەوەیەکی تیرۆریستی داوە و هەوڵی داوە کۆنترۆڵی فڕۆکەکە بکات"؛ دەشڵێت، "یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە بە تەورێکی فریاگوزاری پەلاماری فڕۆکەوانەکەی فلای دووبەی داوە".
30ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، فڕۆکەیەکی هێڵی فلای دووبەی لە ئیماراتەوە دەستی بە گەشتکرد بەرەو ئیسرائیل، لە رێگەدا بەهۆی هێرشی یاریدەدەری فڕۆکەوان بۆ سەر کاپتنی فڕۆکەکە لە سعودیە نیشتەوە.
گوتەبێژێکی فلای دووبەی لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت: "لێکۆڵینەوە لە هەلومەرجەکانی رووداوی فڕۆکەکەمان بەردەوامە".
لەنێو فڕۆکەکەدا 174 سەرنشین و شەش کارمەندی تیمی فڕۆکەوانی هەبوون. زۆرینەی سەرنشینەکانی فڕۆکەکە ئیسرائیلی بوون.
دوێنێ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هەر وڵات و کەسێک لە پشت هەوڵی هێرشەکەوە بووبێت ئەوا کاردانەوەیان بەرامبەری بۆی دەبێ و دەبێت "باجێکی قورس بدات".


