رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرانی سیاسی و بەرپرسانی باڵای دیپلۆماسی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لەبارەی رەوشی عێراق و سووریا ئەنجامداوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا هاوپەیمانان کۆتاییهاتنی ئەرکی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین"ـیان لە عێراق وەک سەرکەوتنێکی هاوبەش راگەیاند و بەڵێنی دابینکردنی زیاتر لە 75 ملیۆن دۆلاریان بۆ هەردوو وڵات دووپاتکردەوە.
کۆبوونەوەکە لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026 بە هاوسەرۆکایەتیی ئیتاڵیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "هاوبەشانی هاوپەیمانییەکە پیرۆزباییان لە عێراق و سووریا کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوپەیمانان لە لاوازکردن و تێکشکاندنی داعش".
هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کرد، "کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق نوێنەرایەتیی سەرکەوتنی راستەقینەی هەوڵە بەکۆمەڵەکان و پێداگریی حکومەتی عێراق دەکات بۆ بەردەوامیدان بە بەرپرسیارێتییەکانی لە پێناو رێگریکردن لە سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی داعش".
لەبارەی سووریاشەوە، هاوپەیمانییەکە پێشوازی لە هەبوونی هاوبەشێک لە دیمەشق کرد کە مەترسییەکانی داعش دەناسێت و پێداگرە لەسەر کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیە؛ هاوکات جەختکرایەوە کە "ئاسایشی بەردەوام لە هەردوو وڵاتدا بەستراوەتەوە بە بەهێزکردنی دامەزراوە نیشتمانییە سەروەرەکان کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان بکەن".
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پابەندیی دارایی خۆیان بە بەهای زیاتر لە 75 ملیۆن دۆلار راگەیاند، کە بۆ پاڵپشتیکردنی پێداویستییەکانی دژەتیرۆر لە سووریا، بەرزکردنەوەی توانای دەستبەسەرکردن و گرتووخانەکان، بەردەوامیدان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و هاوکاریکردنی ئاوارە و دەستبەسەرکراوان لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا تەرخان دەکرێت".
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، حکومەتی سووریا کارە سەرەکییەکانی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کەموکوڕییەکانی بۆ پشتیوانیی نێودەوڵەتی خستەڕوو، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق بەردەوامیی رۆڵی سەرکردایەتیی خۆی بۆ تێکشکاندنی داعش دووپاتکردەوە.
داعش لە دەرکەوتنەوە بۆ تێکشکان
رێکخراوی داعش سوودی لە بۆشایی ئەمنی و ئاڵۆزییەکانی جەنگی ناوخۆی سووریا وەرگرت. لە سەرەتای ساڵی 2013دا بە فەرمی دەرکەوت و لە سەرەتای 2014 شاری رەققەی کۆنترۆڵکرد و کردییە پایتەختی دیفاکتۆی خۆی لەو وڵاتەدا.
لە سەرەتای ساڵی 2014 لە پارێزگای ئەنبار داعش دەستی بە فراوانخوازی کرد، بەڵام وەرچەرخانە گەورەکە لە حوزەیرانی 2014دا روویدا کاتێک لە هێرشێکی خێرادا شاری موسڵ و دواتر بەشێکی فراوانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و کەرکووکی کۆنترۆڵکرد.
لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2014دا لە مزگەوتی نوری لە موسڵ، ئەبوبەکر بەغدادی بە فەرمی راگەیاندنی "دەوڵەتی خەلافەت"ی لەو ناوچانە راگەیاند کە رووبەرەکەیان نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی هەردوو وڵات بوو.
دوای ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکانی هێزی پێشمەرگە، سوپای عێراق، حەشدی شەعبی و بە پشتیوانیی ئاسمانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە تەممووزی 2017 موسڵ کۆنترۆڵکرایەوە. لە 9ـی کانوونی یەکەمی 2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق بە فەرمی "کۆتاییهاتنی جەنگ و پاککردنەوەی تەواوی خاکی عێراق"ی لە داعش راگەیاند.
لە تشرینی یەکەمی 2017 شاری رەققە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پاڵپشتیی هاوپەیمانان کۆنترۆڵکرایەوە. شکستی یەکجارەکی و لەدەستدانی تەواوی خاک لە 23ـی ئاداری 2019 بوو کاتێک دوایین پێگەی داعش لە گوندی باغۆز لە رۆژهەڵاتی سووریا کۆنترۆڵکرایەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی جوگرافیی خەلافەتەکەیان لە ناوچەکەدا هات.


