رووداو دیجیتاڵ
دەنگی لانیکەم 5 تەقینەوەی بەهێز لە سەنعای پایتەختی یەمەن بیسترا و هاووڵاتییانیش دەڵێن فڕۆکەی جەنگییان بینیوە بۆردوومانی کردووە.
رۆژی شەممە، 3ی تشرینی یەکەمی 2026، هاووڵاتییانی سەنعا رایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان چەند ناوچەیەکی جیاوازی شارەکەیان بۆردومان کردووە. هاووڵاتییەک دەڵێ، لە چەند شوێنێکدا گوێی لە دەنگی 5 تەقینەوە بووە. هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێ، 2 فڕۆکەی جەنگیی بینیوە بۆردوومانیان کردووە.
میدیای حووسییەکان هێرشەکەی بە "دەستدرێژیی سعودیە" ناوبرد، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی قەبارەی زیانە گیانی و مادییەکان بڵاونەکردەوە.
دوێنێ هەینی، ژمارەیەک بەرپرسی ناوچەکە و رۆژئاوا بە رۆیتەرزیان راگەیاند، سعودیە پلانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان دژی حووسیەکانی یەمەن دادەنێ؛ ئاماژەیان بەوەش کرد، ریاز لەنێوان دوو بژاردەدایە: ئەنجامدانی هێرشێک بۆسەر کەناراوەکانی دەریای سوور بۆ پاراستنی رێڕەوی کەشتیوانی، هێرشکردنە سەر حووسییەکان لە چەندین ناوچە و بەرەی جیاواز.
بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، ئەو ئۆپەراسیۆنە کە لەسەر زەوی لەلایەن هێزە یەمەنییە هاوپەیمانەکانی ریازەوە پاڵپشتی دەکرێ. ئەمریکاش زانیاریی هەواڵگری دەداتە ریاز و چەندین وڵاتی ئەورووپی و ناوچەکەش هاوکاریی بەرگری دەدەنە شانشینەکە.
شەڕی نێوخۆی یەمەن لە 21ی ئەیلوولی 2014 دەستی پێکرد، کاتێک هێزەکانی حووسییەکان کۆنترۆڵی سەنعای پایتەخت و بەشێکی زۆری باکووری وڵاتەکەیان گرتە دەست.
لە 26ی ئاداری 2015، هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتی سعودیە دەستی بە دەستوەردانی سەربازی بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی نێودەوڵەتی دانپێدانراوی یەمەن کرد.
لە 2ی نیسانی 2022، ئاگربەستێک بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندرا کە گرژییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە و دۆخەکە بۆ چەند ساڵێک تارادەیەک جێگیر بوو، هەرچەندە رێککەوتنی هەمیشەیی نەهاتە دی.
لە 13ی تەممووزی 2026، گرژییەکان دەستیانپێکردەوە دوای هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا کە بە ئامانجی رێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی.
حوسییەکان سعودیەیان تۆمەتبار کرد و دەستیان کرد بە هێرشی مووشەکی و درۆن بۆ سەر سعودیە، هەروەها هێرشیان کردە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور.
لە 10ی ئەیلوولی 2026 حوسییەکان هێرشێکی خێرایان دەستپێکرد و کۆنترۆڵی تەواوی کەناری دەریای سووریان کرد، لەوانەش شاری مۆخا و ناوچەکانی نزیک تەنگەی بابولمەندەب، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕۆکانی بازرگانی و نەوتی جیهان.


