رووداو دیجیتاڵ
وردەکاریی نوێ لەسەر ژیانی (هەمام هەمامی) ئاشکرا
دەبن؛ ئەو یاریدەدەرە فڕۆکەوانە عومانییە تەمەن 29 ساڵەی کە تۆمەتبارە بە هێرشکردنە
سەر کاپتنی فڕۆکەیەکی کۆمپانیای (فلای دووبەی) و هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەکە.
رووداوەکە لە 30ی ئەیلوولی 2026دا و لە کاتی گەشتێک
لە دووبەیەوە بۆ تەلئەڤیڤ روویدا، پێش ئەوەی فڕۆکەکە بە ناچاری لە (تەبووک)ی سعودیە
بنیشێتەوە.
هەمام لە نێوان ئیمارات، عومان، سووریا و مەغریب
دا هاتووچۆی کردووە پێش ئەوەی بچێتە (فلای دووبەی)، بەڵام هێشتا چەندین گۆشەی تەمومژاوی
لە ژیانیدا هەن، بەتایبەتی ئەو ماوەیەی کە لە سووریا بەسەری بردووە.
لەدایکبوون لە ئیمارات
هەمام لە ئیمارات لەدایکبووە؛ باوکی عومانییە و
دایکی سووریایـیە، خۆشی خاوەنی وڵاتینامەی عومانییە. ئێستا تەمەنی 29 ساڵە، ئەمەش
واتە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ساڵی 1996 یان 1997دا لەدایکبووە.
قۆناخـی نادیار لە سووریا (2011-2017)
ئەو ماوەیە تەمومژاوییترین بەشی ژیانی هەمامە؛
لەو کاتەدا تەمەنی لە نێوان 14 بۆ 21 ساڵیدا بووە. بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو ماوەیەی
لە سووریا بەسەر بردووە.
دەسەڵاتدارانی عومان دواتر گومانیان لا دروست
بووە کە هەمام لە کاتی مانەوەی لەوێ، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بیری تووندڕۆیی. هەرچەندە
تاوەکو ئێستا زانیاریی ورد نییە کە لە کام شاری سووریا ژیاوە یان چەند لەوێ ماوەتەوە،
بەڵام ئەمە وەک خاڵێکی مەترسیدار لە دۆسیەکەیدا دەبینرێت.
شوباتی 2018: دەستبەکاربوون لە هێڵی ئاسمانیی
عومان
هەمام لە تەمەنی 21 یان 22 ساڵیدا لە کۆمپانیای (Oman Air) دەستی بە کار کرد و بۆ ماوەی 7 ساڵ،
تاوەکو شوباتی 2025 لەو کۆمپانیایەدا مایەوە. هاوکات لەگەڵ کارەکەی، لە نێوان ساڵانی
2020 بۆ 2023 لە زانکۆی (Buckinghamshire New)ی بەریتانی بە شێوەی ئۆنلاین بەشی بەڕێوەبردنی فڕۆکەوانیی تەواو کرد.
2024: دەرکەوتنی مەترسییە ئەمنییەکان
ساڵی 2024 بووە وەرچەرخانێکی گەورە لە ژیانی هەمام
دا. بەپێی زانیاریی دەزگا هەواڵگرییەکان، گومان لەسەر بیروبۆچوونەکانی دروست بوو و
چەندین "ماددەی تووندڕەوی" لای دۆزرایەوە. بەهۆی ئەمەوە، لەلایەن کۆمپانیاکەوە
لە ئەرکی فڕین دوور خرایەوە و گواسترایەوە بۆ کارێکی ئیداری لە ناو نووسینگەکاندا.
سەرچاوەکان دەڵێن دەسەڵاتدارانی عومان ئەم گۆڕانکارییەیان بەو ماوەیەوە بەستەوە کە
لە سووریا بەسەری بردووە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ناوی هیچ گرووپێکی دیاریکراو نەهێنراوە
کە پەیوەندیی پێوە کردبێت.
2025-2026: گواستنەوە بۆ مەغریب
و دووبەی
لە شوباتی 2025دا، هەمام هێڵی ئاسمانیی عومانی
جێهێشت و دوای 4 مانگ چووە ناو کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی مەغریب و 7 مانگ لەوێ
مایەوە.
لە کانوونی دووەمی 2026دا مەغریبی جێهێشت و لە
شوباتی هەمان ساڵدا لە کۆمپانیای (فلای دووبەی) وەک یاریدەدەری فڕۆکەوان دەستبەکار
بوو؛ تەنیا 8 مانگ دوای دەستبەکاربوونی، ئەو کارەساتەی نایەوە.
30ی ئەیلوولی 2026: هێرش لە ناو فڕۆکەدا
لە کاتی گەشتەکەی بەرەو تەلئەڤیڤ، هەمام هێرشی
کردە سەر کاپتنی فڕۆکەکە و هەوڵی دا کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی فڕۆکەکە بگرێتە دەست.
بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئیماراتی، سەرنشینانی
ناو فڕۆکەکە توانیویانە دەستوەردان بکەن و رێگریی لێبکەن، تاوەکو فڕۆکەوانێکی دیکە
جڵەوی فڕۆکەکەی گرتووەتە دەست و بە ناچاری لە خاکی سعودیە نیشتووەتەوە.
ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی فرەوان لەسەر پەیوەندییەکان
و چالاکییە ئەلیکترۆنییەکانی هەمام دەستیپێکردووە. چیدیکە تەنیا وەک رووداوێکی
ئاسایی سەیری ناکرێت و دەیانەوێت بزانن چۆن کەسێک کە گومانی تووندڕۆیی لەسەر بووە،
توانیویەتی لە سێ کۆمپانیای فڕۆکەوانیی جیاوازدا کار بکات.
ئێستا سووریا وەک "کۆدێکی نادیار" لە
ناو ژیانی هەمامدا ماوەتەوە کە پێویستی بە دانوستاندن و هاوئاهەنگیی هەواڵگریی نێودەوڵەتییە
بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان.


