رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دوو ئەندامی شاندی ئێرانیان لە خاکی وڵاتەکەیان دەرکردووە کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو، دوای ئەوەی فەرمانی بەجێهێشتنی خاکی ئەمریکایان پشتگوێ خستبوو.
رۆژی هەینی، 3ی تشرینی یەکەمی 2026، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "دوو ئەندامی دیکەی شاندی ئێران ماوەیەکی زۆر دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک مابوونەوە، ئێستاش لە ئەمریکا دەرکراون." ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد کە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "لە بڕیارەکانیدا زۆر جددییە."
میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە بە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ئەندامانی شاندەکەی راگەیاندبوو دەبێت خاکی ئەمریکا بەجێبهێڵن، بەڵام دوای ئەوەی رۆژی هەینی لە رێگەی نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆیان دەرکەوت کە ئەو دوو ئەندامە هێشتا ماونەتەوە، بڕیاری دەرکردنی دان. بەپێی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، یەکێکیان شەوی هەینی و دووەمیشیان بەرەبەیانی رۆژی شەممە ئەمریکایان بەجێهێشتووە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە هەفتەی پێشووتر لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران کۆبوونەوە؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی تارانی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز رەتکردەوە، بەڵام هاوکات بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند کە چاوەڕوان دەکات لە رۆژانی داهاتوودا دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە.
لە بەرامبەردا، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە کە هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆی دیکە لە نێوان تاران و واشنتندا دیاری نەکراوە.
رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی لە 2ی ئادارەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخستووە و دەڵێت، تاوەکو رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە و گشتگیر نایکەنەوە.
