رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە سەردانێک گەیشتە قەتەر، تاوەکو لە نزیکەوە زیانەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران ببینێت و لەگەڵ نێوەندگیرەکان گفتوگۆ لەسەر رێگەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بکات.
کریس مێرفی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەردانی شاری ریازی پایتەختی سعودیەش دەکات؛ هەروەها خۆی وەکو یەکەم سیناتۆری پارتی دیموکرات لە قەڵەمدا کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە سەردانی ناوچەکەی کردووە.
سیناتۆرە ئەمریکییەکە سێ ئامانجی بۆ گەشتەکەی دیاریکرد و رایگەیاند، یەکەم: زۆر گرنگە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران بە چاوی خۆیان ئەو زیانانە ببینن لە کاتی شەڕەکەدا بەر دامەزراوە و بنکەکانی ئەمریکا کەوتوون.
مێرفی ئاشکراشی کرد، ئامانجی دووەمی بریتییە لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر و سعودیە، تاوەکو لە نزیکەوە گوێبیستی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە؛ هەروەها لەبارەی ئامانجی سێیەمەوە نووسیویەتی، کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا هەڵوەستە بکات و بیر لەوە بکاتەوە سیاسەت و مامەڵەی داهاتووی بەرامبەر بە وڵاتانی کەنداو چۆن بێت.
کریس مێرفی لە پەیامەکەیدا داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران کرد بێنە ناوچەکە و گوتی: "لە کاتێکدا ئەم جەنگە لە پەرەسەندندایە، ئێستا کاتێکی زۆر هەستیار و گرنگە بۆ ئەندامان لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات، تاوەکو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئامادەییان هەبێت."
سەردانەکەی کریس مێرفی لە کاتێکدایە کە ئەو یەکێکە لە ئەندامە دیارەکانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و بەردەوام رەخنەی لە درێژەکێشانی شەڕەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرتووە.
لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، چەندین بنکە و دامەزراوەی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو کەوتنەبەر هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێران و زیانیان پێگەیشت.
لەو نێوەندەشدا قەتەر و سعودیە هەوڵێکی چڕی نێوەندگیری دەدەن؛ بەتایبەت کە دۆحە کەناڵی پەیوەندیی ناڕاستەوخۆی نێوان واشنتن و تاران بەڕێوەدەبات و هەردوو وڵاتیش لە ترسی بە ئامانجگرتنی کێڵگە نەوتی و گازییەکانیان، گوشار دەخەنە سەر کۆشکی سپی تاوەکو رێگە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی و راگرتنی شەڕەکە خۆش بکات.

