رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی شەش بۆ حەوت مانگی جەنگی وڵاتەکەی دژ بە ئێران، 18 سەربازی ئەمریکی کوژراون؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانیان بە تەواوی و "بۆ هەتاهەتایە" رێگرییان لە تاران کردووە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدان میدیای ئەو وڵاتە ئاماژە بە کوژرانی لانیکەم 21 سەربازیان لەو جەنگەدا دەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی تێنیسی وڵاتەکەی بەشداری لە گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی پارتەکەی (پارتی کۆماری) کرد.
لەو گردبوونەوەیەدا سەرۆکی ئەمریکا بەراوردی قوربانییەکانی جەنگی ئێرانی لەگەڵ جەنگەکانی پێشووی ئەمریکادا کرد و گوتی: "ئێمە شەش مانگە لەوێین، رەنگە نزیکەی حەوت مانگ بێت؛ بەڵام لە ڤێتنام 21 ساڵ و لە ئەفغانستانیش 11 ساڵ جەنگاین و لە شوێنەکانی دیکەش بۆ چەندین ساڵ ماینەوە کە تێیاندا هەزاران سەربازمان کوژران و ئەوان هەرگیز باسی ناکەن."
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ژمارەی کوژراوانی سوپای وڵاتەکەی لە جەنگی ئێراندا ئاماژەی بەوە کرد: "ئێستا کوژرانی 18 سەرباز ژمارەیەکی زۆرە و من نامەوێت هیچ سەربازێک لەدەست بدەم، بەڵام ئێمە رێگریمان لێکردن لەوەی ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بڕوام وایە بۆ هەتاهەتایە رێگریمان لێکردن."
ترەمپ ستایشی ئەو سەربازانەی کرد کە گیانیان لەدەستداوە و گوتیشی: "ئەو گەنجانە بەخۆڕایی نەمردن و دایکوباوکیان زۆر شانازییان پێوە دەکەن. ئەوە کارێکی گەورە بوو، چونکە تۆ ناتوانیت رێگە بدەیت شێتەکان بەختیان هەبێت، تۆ هەرگیز ناتوانیت رێگە بدەیت شێتێکی تەواو یان کۆمەڵێک شێت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدان بەرپرسانی وڵاتەکەی قسەیان بۆ میدیاکانیان کردووە و دەڵێن، لەو جەنگەدا 21 سەربازیان کوژراون و 865ی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە وەڵامیدانەوە.


