رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی بەرگری و ناوخۆ و کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی فیدراڵیی ئیمارات هۆشداری دەداتە دەسەڵاتدارانی تاران و رایدەگەیێنێت، ئەگەر ئێران هێرشی نوێ بکاتە سەر وڵاتەکەی ئامادەیە "هەموو رێکارێکی پێویست" بگرێتەبەر و هەموو بژارەیەک لەسەر مێزە؛ هاوکات پێشبینی دەکات ئەم جەنگە وەکو شەڕی ئۆکراینا درێژە نەکێشێت و پێش کۆتاییهاتنی ساڵی 2026 تەواو ببێت.
رۆژی یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، (خەلیج نیوز) لەراپۆرتێکدا چەند لێدوانێکی د. عەلی رەشید نوعەیمی، سەرۆکی لیژنەی بەرگری، ناوخۆ و کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی فیدراڵیی ئیماراتیان بڵاوکردەوە. کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا ئیمارات وەڵامی هەر هێرشێکی نوێی ئێران دەداتەوە، لە وەڵامدا بە کورتی گوتی: "وەڵامی هەموو شتێک دەدەینەوە."
"جەنگەکە وەکو شەڕی رووسیا و ئۆکراینا درێژە ناکێشێت"
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیمارات بە دووری زانی ململانێ سەربازییەکەی ئێران بۆ چەندین ساڵ درێژە بکێشێت وەکو ئەوەی لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا روویداوە؛ هاوکات پێشبینی کرد شەڕەکە پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ کۆتایی پێبێت، بەڵام ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوانتریشی رەتنەکردەوە و گوتی، دۆخەکە بەستراوەتەوە بە هەنگاوەکانی سەرکردایەتیی تاران و ئەو داهاتووەی کە بۆ گەلەکەی دەیەوێت.
نوعەیمی ئاماژەی بەوەدا ئیمارات هەر لە سەرەتاوە داوای چارەسەری سیاسی و رێگەی دیپلۆماسیی کردووە، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵیشدا بەر لە دەستپێکردنی شەڕەکە بە فەرمی بە تارانی راگەیاندبوو بە هیچ جۆرێک خاک، ئاسمان و ئاوەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارناهێنرێن و ئیمارات بەشێک نییە لەم شەڕە.
مەرجەکانی ئیمارات بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لەگەڵ تاران
لەبارەی ئەگەری بنیاتنانەوەی متمانە لەگەڵ تاران، سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی فیدراڵی روونیکردەوە هەر هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان پێویستی بە گۆڕانکاریی راستەقینە و دەستپێشخەریی کرداری هەیە، نەک تەنیا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی بێئەنجام.
د. نوعەیمی ئاماژەی بەوە کرد، پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێران لە دوای هەڵگیرسانی ئەم جەنگەوە رووبەڕووی گۆڕانکاری بووەتەوە و دەبێ تاران لەوە تێبگات لێکەوتەی کردەوەکانی تەواوی جیهانی گرتووەتەوە؛ هاوکات جیاوازیی خستە نێوان دەسەڵات و گەلی ئێران و گوتی، گەلی ئێران شایەنی ژیان و داهاتوویەکی زۆر باشترن و هیوای خواست سەرکردایەتیی تاران بیر لە خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەی خۆی بکاتەوە و کۆتایی بە ئازارەکانیان بهێنێت.
لێدوانەکانی ئەم بەرپرسەی ئیمارات دوای چەندین مانگ لە گرژیی سەربازی دێن؛ لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، ئیمارات رووبەڕووی چەندین شەپۆلی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە کە کەرتی مەدەنی، فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان و ناوچە نیشتەجێبوونەکانی کردووەتە ئامانج.
لە دوایین هێرشیشدا لە 31ی مانگی ئابی ئەمساڵدا، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ئاسمانی ئاوە هەرێمییەکانی وڵاتەکەیدا تێکشکاند؛ ئێستاش سەرەڕای بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ئیمارات هۆشداری دەدات کە پاراستنی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی هێڵی سوورە و بێ وەڵام نابێت.


