رووداو دیجیتاڵ
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رۆژی دووشەممە لە تاران داوای کرد کە تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا بکرێتەوە و رێگری لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ لە ناوچەکە بکرێت؛ لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمریکای بە هۆکاری "ناسەقامگیری" لە کەنداو و تەنگەی هورمز تۆمەتبار کرد.
ئەمە یەکەمین سەردانی لاڤرۆڤە بۆ تاران لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران کە تێیدا مۆسکۆ هەوڵ دەدات رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بگێڕێت.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، لاڤرۆڤ رایگەیاند، گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ پێویستی بە "گێڕانەوەی ئازادیی کەشتیوانی و گەرەنتیی دووبارەنەبوونەوەی دەستدرێژییەکان هەیە"، هاوکات ئامادەیی مۆسکۆی دەربڕی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە و "رێگریکردن لە گەڕانەوەی جەنگێکی بەرفراوان."
"ئەمریکا سەرچاوەی ناسەقامگیرییە"
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا، عەباس عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایشی ناوچەکە دەبێت "بەبێ بەشداریکردنی هێزە بیانییەکان" دابین بکرێت و گوتی، "ئەو جەنگەی کە لەلایەن ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستییەوە سەپێندراوە، لە پاڵ گەمارۆ ئابوورییەکاندا، سەرچاوەی سەرەکیی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەمان و لە تەنگەی هورمزدا."
لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی دا کە ئەگەر واشنتن هەر هێرشێک (تەنانەت ئەگەر سنوورداریش بێت) بکات، ئەوا جیهان تووشی "قەیرانێکی جیدیی وزە" دەکەن و پەنا بۆ بەکارهێنانی ئەو چەکانە دەبەن کە تاوەکو ئێستا بەکاریان نەهێناون.
لە بەرامبەردا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانی پێشووی ئەمریکا وایکردووە بەشێکی زۆر لە خاکی ئێران "بەکراوەیی بمێنێتەوە لەبەردەم هێرشی داهاتوودا ئەگەر پێویست بکات."
پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و تاران
بڕیارە لاڤرۆڤ لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیش کۆببێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەردانەکەی لاڤرۆڤ تاوتوێکردنی رێگەچارەیە بۆ ئەو قەیرانە نێودەوڵەتییەی کە بەهۆی "دەستدرێژییە نایاساییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران" دروستبووە، کە زیانی گەورەی بە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانیش گەیاندووە.
ئەم جموجووڵە دیپلۆماسییەی رووسیا دوای ئەوە دێت کە سەرەتای ئەم مانگە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە پزیشکیانی راگەیاندبوو کە مۆسکۆ ئامادەیە رۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت؛ بەتایبەت کە هەردوو وڵات لە دوای جەنگی ئۆکرایناوە لە ساڵی 2022دا، پەیوەندییە سەربازی و ئابوورییەکانیان زۆر بەهێزتر کردووە.
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە مانگی نیسان و واژۆکردنی لێکتێگەیشتن لە حوزەیراندا، بەڵام هێشتا ململانێکان لەسەر تەنگەی هورمز بەردەوامن؛ ئێران رێگری لەو کەشتییانە دەکات کە بەبێ مۆڵەتی ئەو پێیدا تێپەڕ دەبن و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە.


