رووداو دیجیتاڵ
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر دەڵێ، پشتیوانییە سەربازییە پێشنیازکراوەکەی قاهیرە بۆ ریاز تەنیا بۆ "بەرگریکردنە لە خاکی سعودیە و هێرشکردنە سەر یەمەن ناگرێتەوە".
بەپێی راگەیێندراوی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی میسر کە رۆژی 21ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی (میسر 2026)، سیسی رایگەیاند: "ئامانج لەم هەنگاوە بەرگریکردنە لە خاک و سنوورەکانی شانشینی عەرەبستانی سعودی و خاکی هەر دەوڵەتێکی دیکەی عەرەبی، ئەگەر داوا لە میسر بکرێت"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی میسر لە دەرەوەی سنوورەکانی میسر و سنووری وڵاتانی برای عەرەب ئەنجام نادرێن".
شەممەی ئەم هەفتەیە سیسی داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد دەسەڵاتی پێبدات بۆ پشتیوانیکردنی سەربازی لە سعودیە لە جەنگەکەیدا دژ بە حووسییەکان "ئەگەر داوای لێبکرێت" و گوتیشی، ئەستەمە و قبووڵکراو نییە قاهیرە بێدەنگ بێت لە کاتێکدا ئاسایش و سەقامگیریی ریاز کەوتووەتە مەترسییەوە.
پەرلەمانی میسریش دوو دانیشتنی نائاسایی لەسەر ئەم پرسە ئەنجامدا و بڕیارەکەی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخستووە.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە هات کە حووسییەکان لە مانگی ئەیلوولدا دەستیان بەسەر تەواوی کەناراوەکانی دەریای سووردا گرت لە سنووری یەمەن و لەو کاتەوە هێرشەکانیان بە مووشەک و درۆن بۆ سەر کۆمپانیای ئارامکۆ و فڕۆکەخانەکانیی سعودیە چڕکردووەتەوە.
لە کاردانەوەی تاران بەرامبەر ئەم هەنگاوەی میسر، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا هۆشداری دا لەوەی دەستوەردانی قاهیرە دۆخەکە "ئاڵۆزتر و قورستر" دەکات. عێراقچی گوتی: "میسر ئەزموونی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی خۆی لە ململانێیەکی هێندە ئاڵۆزدا نەگلێنێت،" ئاماژەی بەوەش کرد کە قاهیرە بە تارانی راگەیاندووە ناچێتە نێو یەمەن و بەشداری لە شەڕ دژی حووسییەکانی ئەو وڵاتەدا ناکات.



