رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستی کردەوە، دەروازەی سنووریی (ریمەدان)ـی نێوان وڵاتەکە و پاکستان کە چەند رۆژێک داخرابوو، کرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-10-2026، میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ پاکستان لە دەروازی سنووریی ریمەدانەوە دەستیپێکردووەتەوە کە چەند رۆژێک بوو دەروازەکە داخرابوو.
میدیاکە لە زاری محەممەد سەعید ئەربابی، سەرپەرشتی ناوچەی ئازادی بازرگانیی ریمەدانەوە رایگەیاند، دوای گفتوگۆی پێویست لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان، بڕیاری کرانەوەی دەروازە سنوورییەکە درا و ئەمڕۆش جێبەجێکرا.
میدیای ئێران لە زاری بەرپرسانی ئیسلامئابادەوە، ''گۆڕانکاری لە ''مەرجەکانی باجی گومرگی'' و ''رێکارە بانکییەکان''ـی لەلایەن پاکستانەوە بە هۆکاری داخرانی دەروازە سنوورییەکە ناوبردبوو.
17ـی تشرینی یەکەم دەروازەی سنووریی گەبد-ریمەدان لەلایەن پاکستانەوە داخرا کە دەکەوێتە نزیک بەندەرەکانی گوادەری پاکستان و چابەهاری ئێران.
کرانەوەی دەروازە سنوورییەکە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فەرمان لە بەغداوە دەرچووە بۆ داخستنی دەروازەی سنووریی (شەیب) لە رۆژهەڵاتی پارێزگای مەیسان.
بە گوێرەی سەرچاوەکەی رووداو، بڕیارەکە لە کاژێر 06:00ی بەیانیی رۆژی چوارشەممەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.
سەرچاوەکە راشیگەیاند: "بڕیار دراوە چەند دەروازەیەکی دیکەی سنووری لەگەڵ ئێران لە چەند رۆژی داهاتوودا بە شێوەیەکی پلەبەندی دابخرێن".
پێچەوانەی پاکستان، تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بە فەرمی هۆکاری داخستنی ئەم دەروازانەی ئاشکرا نەکردووە.



