رووداو دیجیتاڵ
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوکردەوە، شەوی پێنجشەممە حەوت تەنکەری نەوت لە تەنگەی هورمز لە ئەنجامی هێرش یان خۆکێشانیان بە مینە دەریاییەکاندا، ئاگریان گرتووە و زیانیان بەرکەوتووە. ئەگەر ئەم هەواڵە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەمە دەبێتە گەورەترین ژمارەی کەشتییەکان کە لە یەک رۆژدا لەو رێڕەوە ئاوییەدا زیانیان پێبگات لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی دژی ئێرانەوە لە 28ـی شوباتەوە.
بەپێی ئەو راگەیێندراوەی کە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران لە زاری هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە گواستیەوە، چوار لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە کاتی گواستنەوەی نەوتدا کراونەتە ئامانج و ئاگریان گرتووە، سێ تەنکەری دیکەش بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینە دەریاییەکان زیانیان بەرکەوتووە و لەکارکەوتوون. لە راگەیێندراوەکەدا هیچ وردەکارییەک لەبارەی زیانی گیانی نەخراوەتەڕوو و باس لەوە نەکراوە ئاڵای چ وڵاتێک لەسەر ئەو کەشتییانە بووە.
هەروەها لە هەواڵەکەدا هۆشداری درا کە ئەگەر ئەمریکا هەوڵ بدات رێگە بە تەنکەرەکانی نەوت بدات لە بەشەکانی دیکەی تەنگەی هورمزەوە تێپەڕن، ئەوا سوپای پاسداران بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی یەمەن رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە کۆبوونەوە و رێوڕەسمەکانی کۆکردنەوەی جەماوەر لەلایەن چەکدارانی حووسییەوە وەک ئامانجی سەربازیی رەوا سەیر دەکرێن و هۆشداریی دایە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حووسییەکاندان کە بە هیچ شێوەیەک بەشداری لەو کۆبوونەوانەدا نەکەن.
وەزارەتی بەرگری لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە حووسییەکان بۆ کۆکردنەوە و راکێشانی منداڵان بۆ نێو بەرەکانی جەنگ کەڵک لەو جۆرە کۆبوونەوە جەماوەرییانە وەردەگرن. هەڕەشەکردن لەو کۆبوونەوانە بە هەنگاوێکی هەستیار دادەنرێت، بەو پێیەی بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل دەکرێت بچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە.



