رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی رایگەیاند، واشنتن لەگەڵ ئێراندا دانوستاندن ناکات و هۆشداریی دا کە بە شێوازێک لە شێوازەکان شتێک لە "داهاتوویەکی نزیکدا" روودەدات.
ترەمپ لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ کۆشکی سپی پاش بەشدارییکردن لە گردبوونەوەیەکی بانگەشە لە کارۆلینای باشوور، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە دانوستاندنەکان گوتی: "نەخێر، پێموایە ئێمە دانوستاندن ناکەین... بە شێوازێک لە شێوازەکان شتێک لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا روودەدات."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "زۆرینەی خەڵک وای بۆ دەچن کە ئەمە لە دوای هەڵبژاردنەکان دەبێت، بەڵام دەبینین چی روودەدات."
پێشتر ترەمپ لە گوتارەکەیدا لە گردبوونەوە جەماوەرییەکەدا رایگەیاندبوو کە ئەمریکا دەتوانێت هەر ئێستا کۆتایی بە جەنگی دژی ئێران بهێنێت، بەڵام دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی کە ئەنجامەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە.
ترەمپ گوتی: "جەنگەکە زۆر بە زوویی کۆتایی دێت. دەتوانین ئێستا بگەڕێینەوە، بەڵام دەمانەوێت دڵنیابین کە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت." سەرۆکی ئەمریکا باسی ئەوەشی کرد کە ئەمریکا لە رووی سەربازی و داراییەوە ئێرانی تێکشکاندووە و دووپاتیکردەوە کە تاران "هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی و کەسانی ئاگادار بڵاوکردووەتەوە، سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل پلانێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس ئامادە کردووە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێشتا دڵنیایی نییە لەوەی ئایا ترەمپ ئەو هێرشانە پەسند دەکات یان نا، چونکە ترەمپ چەندین جار ئەو پلانانەی ڤیتۆ کردووە کە داوای گەڕانەوە بۆ جەنگی بەرفراوان دەکەن.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی لە وەڵامی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا رایگەیاند کە ئیدارەی ئەمریکا هیچ لێدوانێک لەسەر پلانە سەربازییەکان "کە دەکرێت هەبن یان نەبن" نادات.
ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە جەنگیان دژی ئێران دەستپێکرد، کە بووە هۆی ئەوەی تاران بە مووشەک و درۆن وەڵام بداتەوە و بە تەواوی تەنگەی هورمز (کە رێڕەوێکی سەرەکیی وزەی جیهانە) دابخات؛ سەرەڕای ئەوەی لە مانگی حوزەیراندا لێکتێگەیشتنێک بە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر واژۆ کرابوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان لەسەر ئازادیی کەشتیوانی پەککەوت.



