رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی رایگەیاند: "عێراق رێگە نادات خاکەکەی ببێتە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر سعودیە و وڵاتانی ناوچەکە"؛سعودیەش پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی بەغدا لە هێورکردنەوەی گرژییەکان دەربڕی.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، رۆژی پێنجشەممە (22ی تشرینی یەکەمی 2026) لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئێکس بڵاویکردەوە، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە لایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پێگەیشتووە.
فوئاد حوسێن رایگەیاندووە: "بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت خاکی عێراق وەک مۆڵگەیەک بۆ هەر هێرش و دەستدرێژییەک بەکاربهێنرێت کە زیان بە ئاسایشی سعودیە و وڵاتانی ناوچەکە بگەیێنێت."
وەزیری دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە دەکرێنە سەر سعودیە و گوتی: "حکومەتی عێراق دژی هەر جۆرە زیانگەیاندنێکە کە بەر هاووڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکان بکەوێت."
هەردوو وەزیر باسیان لە پەیوەندییە دوولایەنەکان و رێگەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگییەکان کرد، بەتایبەت لە بواری ئەمنیدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەن.
وەزیری دەرەوەی سعودیە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەربڕی لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پتەوکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا لەرێگەی دیالۆگ و کاری هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.


