رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەڵێت، نزیکەی 400 قوتابخانە لەو وڵاتەدا هەن کە تەنیا یەک قوتابیان هەیە. گوتیشی، سەڕەرای ئەو دۆخە، هەموو ئەو قوتابخانانە مامۆستایان بۆ دابین کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فەرهادی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە دووەم رۆژی کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی کەرتی پەروەردەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، زۆربەی ئەم قوتابخانانەی تەنیا یەک قوتابیان هەیە، لە ناوچە دوورەدەست و پەراوێزخراوەکان، گوندەکان و ناوچە کۆچەرییەکانن.
جەختیشی کردەوە، سیاسەتی وەزارەتەکەیان بەردەوامبوونی چالاکیی ئەو قوتابخانانە و دابینکردنی مامۆستایە بۆ ئەو قوتابیانە، بۆ ئەوەی لە مافی خوێندن بێبەش نەبن.
فەرهادی گوتی، سیستمی پەروەردەی ئێران هەوڵ دەدات، لە پێناو جێگیرکردنی دادپەروەری پەروەردەیی لە هەموو ناوچەکانی ئەو وڵاتە، دەرفەتی خوێندن بۆ هەموو ئەو قوتابیانە بڕەخسێنێت کە لە ناوچە پەراوێزخراوەکان و گوندە دوورەدەستەکانن.
بەپێی راپۆرتی فەرمی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، زۆرترین ژمارەی ئەو قوتابخانانەی کە تەنیا یەک قوتابییان هەیە، لە پارێزگاکانی تەورێز، سیستان و بەلووچستان، خۆراسانی رەزەوی، خوزستان، ورمێ و لوڕستان هەڵکەوتوون.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ئێران داوای لە بەرپرسانی کەرتی پەروەردە کرد، سەرنجی جیدیتر بدەنە تۆڕی ئینتەرنێتیی "شاد" و گوتی: "کەناڵە بەردەستەکان لەم پلاتفۆرمەدا، دەرفەتی دەستڕاگەیشتنی خێرا بە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و بەکارهێنەرانی پەروەردە فەراهەم دەکەن."
فەرهادی ئاماژەی بە تەرخانکردنی زیاتر لە هەزار ملیار تمەن بودجە بۆ تۆڕی "شاد" لە بودجەی گشتیی وڵاتدا کرد و ئەمەش بە نیشانەی گرنگیی پلاتفۆرمەکە بۆ کەرتی پەروەردە و قوتابیان ناوبرد.
تۆڕی شاد، پلاتفۆرمێکی خۆماڵی و تایبەتە لە ئێران کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا بۆ فێرکاریی ئۆنلاینی قوتابخانەکان کراوەتەوە و تاوەکو ئێستاش بۆ خوێندنی ئۆنلاین، پێشکەشکردنی ناوەڕۆکی وانەکان و بەڕێوەبردنی تاقیکردنەکان، دروستکردنی پەیوندی لە نێوان قوتابیان، مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان، بەتایبەت لە دۆخە نائاساییەکانی وەکو جەنگدا بەکاردەهێنرێت.



