رووداو دیجیتاڵ لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر پێگەیەکی سەربازیی ئیسرائیل لە نزیک شاری خەلیل (حیبرۆن) لە باشووری کەرتی رۆژئاوا، شەش ئیسرائیلی بریندار بوون و هەردوو هێرشکارەکەش لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژران. لە کاردانەوەی ئەم رووداوەدا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بانگەشەی هەڵبژاردنی هەڵپەسارد و کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی کرد. هێرشەکە تاوەرێکی سەربازیی ئیسرائیلی لە نزیک کۆمەڵگەیەکی جوونشین کردە ئامانج. بەپێی میدیای ئیسرائیل، ئەو هێزەی کراوەتە ئامانج، کەتیبەیەکی یەدەگی سەر بە فەرماندەییی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل بووە. کەناڵەکانی 12 و 14ـی ئیسرائیلی بڵاویانکردەوە، شەڕە تەقەیەکی سەخت لە نێوان هێرشکارەکان و سەربازانی ئیسرائیل لە تاوەرەکەدا دروستبووە و زیاتر لە 20 خولەکی خایاندووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی درەنگکەوتنی گواستنەوەی بریندارەکان. لە ئەنجامدا، سوپای ئیسرائیل هەردوو چەکدارەکەی کوشتووە. دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیلی پشتڕاستیکردەوە کە ژمارەی بریندارەکانی رووداوەکە گەیشتووەتە شەش کەس. دوای رووداوەکەش، سوپای ئیسرائیل هێزێکی زۆری رەوانەی ناوچەکە کرد و دەستی بە کێوماڵکردن کرد بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی چەکداری دیکە. گەمارۆدانی خەلیل و کۆبوونەوەی ئەمنی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان رێگرییان لە هێرشێکی زۆر گەورەتر و مەترسیدارتر کردووە؛ هاوکات فەرمانی دا بە ناردنی هێزی زیاتر بۆ فەرماندەیی ناوەندی و بڕیاری سەپاندنی "گەمارۆیەکی ئەمنیی تەواوەتی" بۆ سەر شاری خەلیل و چەندین گوندی دەوروبەری دەرکرد. ئەم رووداوە لە کاتێکی هەستیاری بانگەشەی هەڵبژاردنی ئیسرائیلدا روویدا؛ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەستبەجێ کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی رێکخست و داوای لە پارتی لیکود کرد سەرجەم چالاکییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن رابگرن. لە لایەکی دیکەشەوە، ئیتامار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی، "نابێت چاوەڕێ بکەین تاوەکو 7ـی ئۆکتۆبەرێکی دیکە لە کەرتی رۆژئاوادا رووبدات، دەبێت پێش ئەوەی کاتمان لەدەست بچێت، بجووڵێین." بن غەفیر داواشی کرد کە دەسەڵاتی فەلەستینی هەڵبوەشێندرێتەوە و لە چەک دابماڵدرێت بۆ "لەناوبردنی تەواوەتیی ژێرخانی تیرۆر."