رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا دەڵێ، دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا (سبەی یان دووسبەی) هێرشێکی نوێ بکرێتە سەر ئێران، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ زۆر روونە لەوەی دەرگای کراوەیە بۆ دانوستاندن و گەیشتن بە رێککەوتن.
رۆژی هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا و لە وەڵامی پرسیاری: "ئایا دەکرێ لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هێرش بکرێتە سەر ئێران؟" گوتی، "بێگومان، بەڵێ دەکرێ."
بەڵام نێردەکەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی واشنتنیش کرد و رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ زۆر روون بووە. سەرۆک ئامادەیە و دەرگای بۆ رێککەوتن واڵایە".
باراک باسی لە کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی لە حوزەیرانی 2025 بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و شەڕی ئەم ساڵ کرد و گوتی: "هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە مەترسی و هەڕەشەی دەستبەجێی ئەتۆمی لە ئارادا نەماوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە هەڵوێستی کۆشکی سپی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی ئێران، تۆم باراک جەختی لە پێداگری و جیدییەتی سەرۆکی ئەمریکا کردەوە و گوتی: "سەرۆک ترەمپ هەڕەشەی بێ کردار و بەتاڵ ناکات."



